بڵابوونەوەی پەتایەک دەرگای قوتابخانەکانی شاری پاوەی داخست
بە هۆی بڵاوبوونەوەی جۆرێکی ئەنفلەوەنزا لە سەرجەم قوتابخانەکان شاری پاوەی سنووری پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرایە پشوو.
مەهدی فەتاحیان، بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانەکانی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ئەنفلەوەزا لە بەشێک لە قوتابخانەکانی شاری پاوە، لەپێناو سەلامەتی تەندروستی گشتی و بە تایبەت قوتابیان، بڕیاریاندا ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، لە سەرجەم قوتابخانەکان کراوەتە پشووی فەرمی.
فەتاحیان رایگەیاندووە، پرۆسەی خوێندن لە سەرجەم ناوەند و قۆناخەکانی سنووری پەروەردەی پاوە لە چوارچێوەی ئەو سیستەمەی وەزارەتی پەروەردە دایناوە بە ئۆنلاین دەبێت، بۆ ئەوەی قوتابیان لە وانەکانیان دوا نەکەون.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە سەرانسەری ئێران گرفتی ستسی و پچڕانی هێڵی ئینتەرنێت هەیە، ئەو سیستەمەشی بەناوی "شاد" بۆ خوێندنی ئۆنلاینی ناوەندەکانی خوێندن و پەروەردەیی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان داندراوە، کێشەی زۆری تێدەکەوێت.
ئەو پەتایەی لە شاری پاوە بڵاوبووەتەوە، بووەتە جێی سەرنج و هەواڵی زۆرینەی میدیاکانی ئێران، بە گوێرەی ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی لەبارەیەوە بڵاوکراوەتەوە، پەتاکە ڤایرۆسێکی تازە نییە، تەنیا شەپۆلێکی پەتای وەرزییە کە ناوە زانستییەکەی (Human Seasonal Influenza)، ئەم جۆرە پەتایەش بە هەوکردنێکی ڤایرۆسیی کتوپڕ و بەربڵاو ناسراوە کە تووشی کۆئەندامی هەناسە (لووت، قوڕگ، و سییەکان) دەبێت و بە شێوەیەکی سەرەکی لە وەرزی پاییز و زستاندا بڵاودەبێتەوە.
هۆشداری و پۆلێنی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی پەتاکە
لە ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر تا ئێستا 28 پارێزگا لە ئاستی هۆشداری ئەنفلوئەنزاکە دەربازبوون. بەڵام پارێزگای کرماشان تا هەفتەی رابردوو لە ریزی 16یەمین پارێزگای ئێراندا بوو لە هۆشداری بڵاوبوونەوەی پەتاکە، ئێستاش پێشبینی دەکرێت شەپۆلی بەربڵاوی پەتاکە بگاتە لووتکە، بەڵام هێشتا پارێزگاکە لە چوارچێوەی رێکارەکانی خۆپارێزی بڕیاریی داخستن و کەرەنتینەکردنی کرماشانیان نەداوە.
بە گوێرەی رێنماییە تەندروسییەکان، چاکبوونەوەی تەندروستی و تێپەڕاندنی پەتاکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، ئەمەش پەیوەندی بە هێزی بەرگریی جەستەی تووشبووەکەوە هەیە، بەڵام مەترسی زیاتری بۆ منداڵان، کەسانی بەتەمەن، ئافرەتانی دووگیان، تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک (دڵ، سی، شەکرە، لاوازی سیستەمی بەرگری)ـەوە هەیە. بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ حاڵەتێکی مردن بەهۆی ئەم پەتایەوە تۆمار نەکراوە.
نیشانەکانی تووشبوون بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی:
- تای بەرز
- ئازاری جەستە و ماسولکە
- سەرئێشە
- ماندووبوونێکی زۆر
- کۆکەی وشک
- ئازاری قوڕگ
- هەندێکجار ئازاری گەدە (بەتایبەت لە منداڵاندا)
رێکار و رێنماییە تەندروستییەکان بۆ خۆپارێزی
- بەکارهێنانی دەمامک لە شوێنە داخراو و قەرەباڵغەکاندا
- شۆردنی دەستەکان بە بە سابوون و یان بەکارهێنانی ماددە دژە ڤایرۆس و بەکتریاکان
- منداڵانی تووشبوو لە ماڵەوە بهێڵدرێنەوە و رەوانەی قوتابخانە نەکرێن
- رەچاوکردنی دووری نێوان لەگەڵ کەسانی تووشبوو بە پەتاکە
- هەوا گۆڕینی ژوورە داخراوەکان
- بەکار نەهێنانی دەرمانەکانی ئانتیبیۆتیک بەبێ رەچەتەی پزیشک