بەهای دۆلار لە ئێران گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی
بەهای دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕی ئازادی ئێراندا ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد و گەیشتە سەرووی 298 هەزار و 900 تومەن، بەمەش بە تەواوی لە سنووری 300 هەزار تومەن نزیکبووەوە و یەک دۆلار بەو نرخە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئێستا 100 دۆلار لە ئێران بە نزیکەی 30 ملیۆن تومەن مامەڵەی پێوە دەکرێت. هاوکات بەهای دراوەکە لە بازاڕی ئازادی ئەو وڵاتەدا تەنیا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا نزیکەی 11%ـی بەرزبووەتەوە و بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو زیاتر لە 160% زیادیکردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنیا شەش ساڵ و نیو لەمەوبەر و لە بەهاری 2020، بەگوێرەی ئامارەکانی بازاڕی ئۆتۆمبێلی ئێران، بە هەمان 30 ملیۆن تومەن دەکرا ئۆتۆمبێلێکی دەستی دووی وەک پراید، پێژۆ 405، پێژۆ 206، سەمەند، پێژۆ رۆئا یان ئێم ڤی ئێم 110 لە بازاڕەکانی ئێراندا بکڕدرێت.
لە بەرامبەردا، ئێستا کەمترین مووچەی مانگانەی فەرمانبەر و کرێکار لە ئێران کە لەنێوان نزیکەی 18.7 بۆ 24 ملیۆن تومەندایە، واتە ناگاتە 100 دۆلار.