یەکێتیی بەڵێندەران: بە بڕیاری حکوومەتی هەرێم کارکردن لە پڕۆژە تەواونەکراوەکان دەست پێدەکەنەوە

لقی سلێمانی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کارکردن لە پڕۆژە تەواونەکراوەکان دەست پێدەکەنەوە.

لوقمان جاف، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئابی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: 206 پرۆژە چەندین ساڵە کارکردن تێیاندا ڕاگیرابوو، بەڵام دوای 10 ساڵ، جارێکی دیکە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران کارکردن لە پرۆژە تەواونەکراوەکان دەست پێدەکەنەوە.

لوقمان جاف گوتیشی: داواکارین لە کاتی جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا، بودجەی پێویست بۆ تەواوکردنیان تەرخان بکرێت، هەروەها پرۆژەکان جۆراو و جۆرن، ڕێگەوبان، دروستکردنی قوتابخانە، نەخۆشخانە و چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، سنووری پرۆژەکان تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، پێشووتر بودجەی ئەم پرۆژانە لەسەر گرێبەستی شیرینی نەوتییەکان بوو، بەڵام ئێستا گواستراوەتەوە سەر بودجەی پەرەپێدانی وەزارەت و پارێزگاکان.

لە هەرێمی کوردستان بەهۆی قەیرانی داراییەوە 10 ساڵ زیاتربوو، ژمارەیەکی زۆری پرۆژەکان کارکردن تێیاندا ڕاگیرابوون، بەڵام بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەست دەکرێت بە جێبەجێکردنییان.

 

 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment