زێلێنسکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی ترەمپ و پوتن: بەبێ بەشداریی ئێمە ئاشتی بەدی نایەت
سەرۆکی ئۆکرانیا جەخت لەوە دەکاتەوە، هیچ بڕیارێک لەبارەی ئاشتی بەبێ بەشداریی وڵاتەکەی "سەرکەوتوو نابێت" و دووپاتیشی دەکاتەوە "هیچ پارچەیەکی خاکەکەمان ڕادەستی داگیرکەران ناکەین."
شەممە، 09ـی ئابی 2025، ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەبارەی کۆتاییهێنان بە شەڕی وڵاتەکەی لەگەڵ ڕووسیا، دانوستانەکانی ئاگربەست و کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی ترەمپ و پوتن لە ئەمەریکا؛ پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاوکردەوە.
سەرۆکی ئۆکرانیا لەبارەی کۆبوونەوەکەی ترەمپ و پوتن ئاماژەی بەوە کردووە "ئۆکرانیا ئامادەیە بۆ هەر بڕیارێکی ڕاستەقینە کە ئاشتی بەرقەرار بکات؛ هەر بڕیارێک دژی ئێمە بێت و بەبێ ئۆکرانیا بدرێت، بڕیاری دژی ئاشتییە و هیچ بە دەست ناهێنرێت. هەموومان پێویستمان بە ئاشتیی ڕاستەقینە هەیە، ئاشتییەک کە خەڵک ڕێزی لێبگرن."
بەشێکی میدیاکانی ئەمەریکا باسیان لەوە کردووە، بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ و کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، ڤلادیمێر پوتن داوای لە ترەمپ کردووە، ئۆکرانیا بە تەواوی دەستبەرداری هەرێمی 'دۆنباس' بێت کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە و هەروەها دەستبەرداری نیمچەدوورگەی 'کریمیا' بێت کە لە 2014ـەوە ڕووسیا کۆنتڕۆڵی کردووە.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڕەتی دەکاتەوە دەستبەرداری هیچ پارچەیەکی خاکی وڵاتەکەی بێت بۆ ڕووسیا و دەڵێت "ئۆکرانیا ناتوانێت دەستوور پێشێل بکات و هیچ پارچەیەکی خاکەکەمان ڕادەستی داگیرکەران ناکەین." باسی لەوەش کردووە "ئێمە ئامادەین لەگەڵ سەرۆک ترەمپ و هەموو هاوبەشەکانمان بۆ ئاشتییەکی ڕاستەقینە پێکەوە کار بکەین و لە هەمووی گرنگتر ئاشتییەکی بەردەوام؛ ئاشتییەک کە بەهۆی خواستەکانی مۆسکۆوە نەڕووخێت."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیاڵ) ڕایگەیاندووە "ڕۆژی هەینیی داهاتوو، 15ـی ئابی 2025، لە ویلایەتی ئالاسکا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کۆدەبمەوە."
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، 06ـی ئابی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا، لە مۆسکۆ لەگەڵ پوتن کۆبووەوە. ویتکۆف پێشنیازی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ زیلینسکی کرد، بەڵام پوتن دانوستاندنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا ڕەتکردەوە.
مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، ئامادەیە لەگەڵ هاوتا ئۆکرانییەکەی کۆببێتەوە، بەڵام تەنیا لە "قۆناغی کۆتایی" دانوستاندنەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی کانوونی دووەمدا، ترەمپ گوشاری خستووەتە سەر مۆسکۆ بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگەکەی لەگەڵ ئۆکراینا بهێنێت.
پێشتریش سێ خولی دانوستاندنی ڕاستەوخۆی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوون، بەڵام هیچیان ئاگربەستیان لێ نەکەوتەوە؛ تەنیا بارمتەکان ئالۆگۆڕکران.