لە ئێران 20 کەس بەتۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیرکران

دەسەڵاتی دادوەری ئێران، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی ئەمنی کە تۆڕەکانی سیخوڕی لە ناوخۆی وڵات کرابوونە ئامانج، 20 کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ دەزگای هەواڵگری مۆسادی ئیسرائیل دەستگیرکردووە.
شەممە، 9ـی ئابی 2025، ئەسغەر جیهانگیر، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "20 کەسیان بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ مۆساد دەستگیرکردووە، کە دەستیان لە چالاکییە هەواڵگرییەکاندا هەبووە، بەشێکیشیان دانیان بەوەدا ناوە ئەرکەکانیان ئەنجامداوە کە پەیوەندییان بە شەڕی 12 ڕۆژەی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە هەبووە". جەختیشی کردەوە، بەهۆی هەستیاریی کەیدەکان هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.
ئەسغەر جیهانگیر باسی لەوەش کرد، ئەو ئۆپەراسیۆنە تەواوکەری هەوڵەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتە، کە پێشتر دەستگیرکردنی دەیان سیخوڕی لە تاران و ژمارەیەک لە پارێزگاکانی دیکە ڕاگەیاندبوو.
ئاماژەی بەوەش کرد، دۆسیەکانی سیخوڕی پێویستی بە مامەڵەکردنی ورد هەیە، ڕەنگە بەشێک لەو دەستگیرکراوانەش ئازاد بکرێن ئەگەر هیچ گومانێکیان لەسەر نەمێنێت.
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران، دەسەڵاتدارانی ئێران هەڵمەتێکی بەرفراوانیان لە دژی ئەو کەسانە دەستپێکردووە کە گومانی تێوەگلانیان لە چالاکییە سیخوڕییەکاندا هەیە، هەروەها تا ئێستا ژمارەیەک کەسیان بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە سێدارە داوە.