عەلی ئەکبەر ویلایەتی: بەبێ حەشدی شەعبی ئەمەریکا عێراق کۆنترۆڵ دەکات
ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دژی چەکدانانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانە، هاوکات ئاماژەشی داوە، کردنەوەی ڕێڕەوی زەنگەزوور لە سەر سنوورەکانی ئێران ڕەت دەکاتەوە و بە هەڕەشە بۆ سەر ناوچەکە و گۆڕانکاری لە جیۆپۆلەتیکی ناو دەبات.
شەممە 9ـی ئابی 2025، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی ڕایگەیاند، لە بارەی پەسەند کردنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی و هەڵوێستی ئەمەریکا لە بەرانبەر ئەو پرۆژەیە لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە تەلەفۆن قسەمان کردووە، جەختمان کردووەتەوە کە عێراق و ئێران دژی چەکدانانی حەشدی شەعبین. باسی لەوەش کرد، عێراق بەبێ حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمەریکاوە بە تەواوی کۆنترۆڵ دەکرێت.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی ئاماژەشی داوە، وڵاتەکەی لە دژی بڕیاری حکوومەتی لوبنانن بۆ چەکدانانی حزبوڵڵای لوبنان، دووپاتیشی کردووەتەوە، ئێران هەمیشە پشتگیری هاووڵاتییان و بەرەی مقاومەی لوبنانی کردووە و لەو کارەشی بەردەوام دەبێت.
هاوکات هەوڵەکان بۆ چەککردنی حزبوڵڵا، بە پلانی دەستتێوەردانی ئەمەریکا و ئیسرائیلی ناوبرد و گوتی: ئەمە یەکەم جار نییە هەندێک لایەن لە لوبنان ئەو جۆرە پرسانە دەخەنە ڕوو، بەڵام هەر وەک چۆن پلانەکانی پێشووی دژی لوبنان شکستیان هێنا، ئەم پلانەش شکست دەهێنێت و بەرەی مقاومەی لوبنان دژی ئەم پیلانگێڕانە بە توندی دەوەستنەوە.
باسی لەوەش کرد، حزبووڵڵا هەمیشە پارێزگاری لە لوبنان کردووە و دژی هێرشەکانی ئیسرائیل وەستاوەتەوە، بۆیە ئەگەر ئەو گرووپە چەک دابنێت ئەوا هیچ کەسێک پارێزگاری لە لوبنان و هاووڵاتییانی ناکات.
پێشتر حکوومەتی لوبنان بڕیاری دابوو تا کۆتایی ئەمساڵ سوپای وڵات دەبێت تاکە هێز بێت کە چەکی بە دەستەوە بێت، بۆیە پلانێکییان بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرجەم هێزەکان و چەکدانانیان پەسەند کرد. ئەمەش لە کاتێکدایە حکوومەتی لوبنان بۆ چەکدانانی حزبووڵڵا ڕووبەڕووی گوشارەکانی ئەمەریکا بووەتەوە.
لەبارەی پلانی کردنەوەی ڕێڕەوی زەنگەزوور کە ناوی "ڕێگای ترەمپ بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی نێودەوڵەتی" ناونراوە، یەکێکە لە خاڵە سەرەکییانەی ڕێکەوتنی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا کە ڕۆژی هەینی لە کۆشکی سپی واژۆی لەسەر کرا، بەڵام ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران ئەوەی ڕەت کردەوە.
هەروەها قەفقازی بە یەکێک لە گرنگترین ناوچەکانی جیهان وەسف کرد و گوتی: ئێران ئەو ڕێڕەوە کە بە (زەنگەزوور) ناسراوە ڕەت دەکاتەوە، چونکە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە و هەڵوەشاندنەوەی ئەرمینیا. ئەوەشی خستە ڕوو، گەلی ئەرمینیاش بە هەمان هۆکار بە توندی دژایەتی ئەو پلانە دەکەن.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی باسیشی لەوە کرد، پێشتر نیکۆڵ پاشینیان، سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا بە بەرپرسانی ئێرانی ڕاگەیاندبوو کە دروستکردنی ئەو ڕێڕەوە زیانبەخش دەبێت، ئەمەش لەگەڵ لەگەڵ هەڵوێستی ئێران یەک دەگرێتەوە.
گوتیشی: ئێران مافی ئەوەی هەیە پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی بکات، بۆیە ڕژدە لەسەر پاراستنی ئاسایشی قەفقازی باشوور بە ڕووسیا یان بەبێ ڕووسیا، پێمان وایە ڕووسیاش لە ڕووی ستراتیژییەوە دژایەتی ئەو ڕێڕەوە دەکات. باسی لەوەش کرد، ئەو ڕێڕەوە بە تەنیا ڕێڕەوێکی بازرگانی نییە، بەڵکوو پیلانێکی سیاسی لە دژی ئێران و دراوسێکانی، هاوکات ناتۆشی بە هەوڵدان بۆ خۆ جێگیرکردن لە نێوان ئێران و ڕووسیادا تۆمەتبار کرد، جەختیشی کردەوە هەر وەکوو ڕووسیا دژی بە ئەندامبوونی ئۆکرانیایە لە ناتۆ، ئێرانیش ڕێگری دەکات لە نزیکبوونەوەی ناتۆ لە سنوورەکانی باکووری وڵاتەکەی.