پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیراندا
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری ئیستانبوڵی تورکیا.
سەرۆکی حکوومەت لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ تورکیا لەگەڵ هەر یەکە لە لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، یاشار گولەر وەزیری بەرگری و ئەلپئەرسەلان بەیرەکتار وەزیری وزەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
کۆبوونەوەی سەرۆکی حکوومەت و سەرۆککۆماری تورکیا
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان کە وەزیرانی دەرەوە و وزە و بەرگری و بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی تورکیا ئامادەی بوون، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
ئاماژەشی داوە، سەرۆکی حکوومەت ستایشی ڕۆڵی ئەردۆغان و تورکیای لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودانی زیاتر بە هاریکاری و هەماهەنگی دوولایەنە دووپات کردەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: سەرۆککۆماری تورکیا، ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد وەک فاکتەرێکی گرنگی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا. هەردوولا جەختیان لە کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لە ڕێگەی گفتوگۆ کردەوە.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا هەوڵ و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا. لەمبارەیەوە هەردوولا هیوایان خواست کە کابینەی نوێی عێراق ببێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق و خزمەتکردنی گشت پێکهاتەکان بێ جیاوازی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور.
پرۆسەی ئاشتی و پرسی چەکدانانی پەکەکە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. سەرۆکی حکوومەت پشتگیری بۆ پرۆسەکە دووپات کردەوە و سەرۆککۆماری تورکیاش جەختی لە گرنگی بەردەوامبوون و سەرخستن و بەئەنجامگەیاندنی پرۆسەکە کردەوە.

کۆبوونەوەی سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دەرەوەی تورکیا
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت: مەسرور بارزانی و هاکان فیدان، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد؛ هەروەها لە بەشێکی دیکە گفتوگۆکاندا، هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە، هەردووڵا جەختیان لە گرنگی ئەنجامدانی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینەوە کردەوە.

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و یاشار گولەر
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کراوە.
هەروەها هەردوولا جەختیان لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە کردەوە.

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و ئەلپئەرسەلان بەیرەکتار
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی کۆبوونەوەکە ئاماژەی داوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری وزەی تورکیا گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان لە بواری وزە و سەرچاوە سروشتییەکان کرا و جەختیان لە بەهێزترکردنی هاریکاریی و هەماهەنگی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی بازرگانی و نەوت و وزە و کارەبادا کردەوە.

تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکان
ڕێگەی گەشەپێدان
ڕێگەی گەشەپێدان، ڕێگەیەکی ئاسنین و ئۆتۆبانی نێودەوڵەتییە لە بەندەری فاوی باشووری عێراقەوە دەست پێ دەکات و دوای ئەوەی ناوچەکانی عێراق دەبڕێت لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلەوە لە دەشتی نەینەوا دەربازی خاکی هەرێمی کوردستان دەبێت بەرەو سێمێل و دەڤەری دێرەبوون دەڕوات تا دەگاتە سنووری تورکیا.
بەپێی خشتەی کۆتایی ڕێگەی گەشەپێدان، بە 11 پارێزگادا تێدەپەڕێت، لە بەندەری فاوەوە دەستپێدەکات و لە خابوور کۆتایی دێت، درێژییەکەی 1200 کیلۆمەتر دەبێت، 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلاریش تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکە دەبێت.
هەروەها پلان هەیە پارێزگای کەرکووکیش بەم ڕێگەیە ببەسترێتەوە و بەگوێرەی پلانەکان ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەم ڕێگەیەوە ساڵانە 22 ملیۆن تۆن دەبێت. ڕێگەکە لە بەندەری فاو تاوەکوو پارێزگای نەینەوا هەزار و 200 کیلۆمەترە لە خاکی هەرێمی کوردستانیش تاوەکوو سنووری تورکیا 117 کیلۆمەترە
گوژمەی ئەو پرۆژەیە 17 ملیار دۆلارە و لە 2024 دەستی پێکردووە و بڕیارە لە 2050 کۆتایی پێبێت، درێژی هێڵی ئاسنینەکە بریتییە لە هەزار و 175 کیلۆمەتر و ڕێگەی وشکانییەکەش هەزار و 190 کیلۆمەتر درێژە، هەردوو ڕێگەکە هاوتەریب پێکەوە دروست دەکرێن و یەکتر نابڕن، تەنیا لە باکووری پارێزگای کەربەلا نەبێت دەگەنەوە یەک.
ڕۆژی 23ی ئایاری 2024 وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسنی عێراق و کۆمپانیای جێبەجێکاری ڕێگەی ئاسنینی گەشەپێدان کە کۆمپانیایەکی ئیتاڵییە، یاداشتێکی لێک تێگەیشتنیان ئیمزا کرد، دوای ئەوەی بەغدا ڕەزامەندی نیشاندا کە ئاراستەی ڕێگەی گەشەپێدانی بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕبێت.
ئیمزاکردنی یاداشتەکە لە سەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بووکاتێک لە 12ی ئایاری 2024، لە چوارچێوەی سیمپۆزیۆمی تایبەت بە وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووریی و دیمۆگرافی عێراق، بەشداری لە پانێلێک کرد و ڕایگەیاند: ئەوانەی نەخشەی ڕێگەی گەشەپێدانیان پێشنیاز کردووە، پلانێکی هەڵەیە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: پێشنیازمان کردووە ڕێگەی گەشەپێدان بە ڕۆژهەڵاتی دیجلەدا تێپەڕ بێت کە تێچووی کەمتر و سوودی ئابووریی زیاتری دەبێت، نەک وەک ئەوەی بەغدا پێشنیازی کردووە بە ڕۆژئاوای دیجلەدا بڕوات، بەهۆی کەمی چڕی دانیشتووان لەو ناوچەیە، کەمترین سوودی ئابووریی بۆ خەڵک دەبێت.

26ی تشرینی دووەمی 2024، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستپێشخەرییەکی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا پێشکەش کرد و ئاماژەی دابوو، ئەگەر پێویست بکات با عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پەرلەمانی تورکیا ئامادە بێت و پەیامی چەکدانان ڕابگەیەنێت" و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیاش پێشنیازەکەی قبووڵ کرد.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕاڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.
پێنجشەممە 27ی شوباتی 2025، سەرۆک بارزانی، لەبارەی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە ڕاگەیەندراوێکدا جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە کە بە هەموو توانایەک پشتیوانی پرۆسەی ئاشتیی تورکیاین.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە دابوو، ئاشتی بە تاکە ڕێگەی دروست بۆ چارەکردنی کێشەکان دەزانین.
هاوکات سەرۆک بارزانی هیواخوازە، پەیامەکەی ئۆجەلان دەستپێکێک بێت بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی ڕێی خۆی بگرێت و، بگاتە ئەنجامێکی وا کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەک بێت.
ڕۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی بڵاو کردەوە، کە لە ڕۆژانی 5 بۆ 7ـی هەمان مانگ بەستبوویان، لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆنگرەدا، پەکەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
لە چوارچێوەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا، ڕۆژی هەینی 11ی تەممووزی 2025، گرووپێکی 30 کەسی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕێوڕەسمێکدا لەبەردەم ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند، ئەمەش وەک هەڵوێستێک بۆ چەکدانان و بە دەنگەوەچوونی پەیامی ئاشتی.
هەینی 11ـی تەممووزی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، لەبارەی یەکەم هەنگاوی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پێشوازیی لە پرۆسەی ئاشتی و یەکەم هەنگاوی چەکدانانی پەکەکە کرد و هیوای خواست هەموو لایەک پابەندی بەدیهێنانی ئاشتی ڕاستەقینە بن و سەردەمێکی نوێی پێکەوەژیان و ئارامی دەست پێ بکات.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە.
سێشەممە، 05ـی ئایاری 2026، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئاستی باڵای سەرکردایەتی، بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە؛ کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ساز کرد و تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرکردایەتیی پەکەکە بزووتنەوەیەکی نوێی بەناوی "بەرێوەبەرایەتیی بزوتنەوەی ئاپۆیی" راگەیاند.
پێکهێنانی حکوومەتی عێراق
ڕۆژی سێشەممە، 11ی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتی و ڕۆژی یەکشەممەش، 09ی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو؛ بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی نێو ماڵی شیعە، کە پۆستی سەرۆکوەزیرانیان بەردەکەوێت، نەیانتوانی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش لەناوخۆدا ڕێک بکەون، دواجار چوارچێوەی هەماهەنگی لە دووشەممە 27ـی نیسانی 2026 عەلی زەیدیان وەک سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێدراو هەڵبژارد، بەمەش لە 15 تا 30 ڕۆژی دەبێت پێکهاتەی کابینەکەی کە لە 22 وەزیری پێکدێت لە کۆبوونەوەی ئاسایی پەرلەمان بیانناسێنێت، بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت و متمانە بە دەست بێنن.

قەبارەی بازرگانی
بەپێی داتاکان، قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق (بە گشتی): ساڵانە لە دەوروبەری 19 بۆ 20 ملیار دۆلارە، نزیکەی 10 بۆ 12 ملیار دۆلار لەو قەبارە بازرگانییە ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستاندایە یان لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمەوە دەچێتە ناوچەکانی دیکەی عێراق.
هەروەها نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت
