پوتن: هیچ لایەنێک بەرژەوەندی لە بەردەوامیی جەنگدا نەماوە
ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی رووسیا، رایگەیاند، ئامادەیە لەگەڵ زێلینسکی کۆببێتەوە، بەڵام ئەگەر ئۆکرانیا ئاگربەست بشکێنێت بە توندی کیێڤ بۆردومان دەکەن، لە بارەی جەنگی ئێرانیشەوە گوتی:"ئەگەر جەنگەکە بەردەوام بێت هەمووان دەدۆڕێن و زەرەرمەند دەبن".
شەممە 9ـی ئایاری 2026، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا، لە میانەی گوتارێکی لە جەژنی سەرکەوتن رایگەیاند، بە شکاندنی ئاگربەست لە لایەن ئۆکرانیاوە، کیێڤ بۆردومان دەکەن و بە توندی وەڵامی هەر هەوڵ و هەنگاوێکی شەڕانگێزانەی ئۆکرانیا دەدەنەوە، هاوکات ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی هاوتای ئۆکرانی لە وڵاتێکی سێیەم، بە مەرجێک رێککەوتنامەیەک واژۆ بکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، "جەنگی ئۆکرانیا بەرەو کۆتایی دەچێت".
سەرۆکی رووسیا باسی لەوەشکرد، وەڵامی رووسیا بۆ ئەم جۆرە پێشێلکارییەکی ئۆکرانیا رەنگە ببێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، هاوکات گوتیشی،" مۆسکۆ لەگەڵ ئەمریکا، چین و هیندستان باسی لێکەوتە ئەگەرییەکانی شەڕامگێزی و پێشێلکارییەکانی کیێڤی کردووە لە "جەژنی سەرکەوتن"دا.
پوتن وردەکاریی دەربارەی هەوڵەکانی ئاڵوگۆڕی دیلەکان ئاشکرا کرد و گوتی،" مۆسکۆ رازی بووە بە پێشنیازێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان، بەڵام ئۆکرانیا ئەم پێشنیازەی رەتکردووەتەوە، گوتیشی: "کیێڤ لە شەوی جەژنی سەرکەوتندا رایگەیاند ئامادە نییە بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەکان".
هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ئاشتی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا:
پوتن روونی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەکەی بە جددی هەوڵ دەدەن بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە ئۆکرانیا، چونکە بە گوتەی ئەو واشنتن پێویستی بەم ململانێیە نییە، ئاماژەی بەوەش کرد، دەستپێشخەرییەکەی ترەمپ بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان ئەنجامی گفتوگۆ بووە دەربارەی ئاسایشی باڵیۆزخانەکان لە کیێڤ، و مۆسکۆش "دەستبەجێ" دەستپێشخەرییەکەی قبوڵ کردووە.
پوتن لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: "رووسیا هۆشداری داوەتە ئەمریکا لە ئەگەری پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن ئۆکرانیاوە، کیێڤ بۆردومان دەکەن، هاوکات سوپاسی ناوبژیوانی ئەمریکاشی کرد و جەختی کردەوە، زێلێنسکی دەتوانێت بێتە مۆسکۆ ئەگەر بیەوێت، بەڵام کۆبوونەوە لەگەڵیدا لە کۆتایی پرۆسەی چارەسەری دەبێت نەک بۆ دانوستان.
جەنگی ئێران:
سەبارەت بە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پوتن هیوای خواست جەنگی نێوان ئەمریکا- ئیسرائیل و ئێران لە زووترین کاتدا کۆتایی بێت، هەروەها جەختی کردەوە، هیچ لایەنێک بەرژەوەندی لە بەردەوامیی ئەم رووبەڕووبوونەوەیەدا نەماوە، هاوکات گوتیشی تێکچوونی دۆخەکە لەو ناوچەیەدا زیانە بۆ هەموو لایەک.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، سەرۆکی رووسیا گوتی،" ئەمریکا و ئێران و ئیسرائیل لە سەرەتاوە رێککەوتبوون لەسەر گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ رووسیا، بەڵام دواتر واشنتن رای خۆی گۆڕی،" پوتن ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ وەرگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران راگەیاند و گوتی، "پێشنیازی رووسیا بۆ وەرگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران هێشتا ماوە و لەسەر مێزە"، سەرۆکی رووسیا گوتیشی پێموایە تاران هۆکاری باشی هەیە بۆ متمانەکردن بە رووسیا لە بواری ئەتۆمیدا.