پاکستان.. لە تەقینەوەیەک 12 پۆلیس کوژران
لە هێرشێکی خۆکوژیدا بۆ سەر بازگەیەکی پۆلیس لە هەرێمی "خەیبەر پەختونخوا" لە باکووری رۆژئاوای پاکستان، ژمارەی قوربانییەکان بۆ 12 کوژراو و 8 بریندار بەرزبووەوە.
پۆلیسی پاکستان ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئایاری 2026، رایگەیاند: هێرشەکە شەوی شەممە لە ناوچەی "بنۆ"ی نزیک لە سنووری ئەفغانستان روویداوە. خۆکوژێک ئۆتۆمبێلێکی پڕ لە تەقەمەنی بە بازگەکەدا تەقاندووەتەوە، بەهۆی توندی تەقینەوەکەوە باڵەخانەی بازگەکە بە تەواوی رووخاوە و چەندین کەس لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە.
سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، دەستبەجێ دوای تەقینەوەکە، شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکان دەستی پێکردووە و زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاندووە. هێرشبەرەکان لەم هێرشەدا چەکی رەشاش و درۆنی بەکارهێناوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی فریاگوزاری رایانگەیاندووە؛ باری نائاسایی لە سەرجەم نەخۆشخانەکانی ناوچەکە راگەیەندراوە و بریندارەکان گەیەندراونەتە بەشی چاودێری ورد. هۆشداریش دەدەن لەوەی ئەگەری هەیە ژمارەی گیانلەدەستدان زیاد بکات بەهۆی سەختی برینی هەندێک لە بریندارەکانەوە.
تا ئێستا هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام چاودێران پێیان وایە رێکخراوی "تالیبانی پاکستان" یان گرووپە هاوپەیمانەکانی لە پشت ئەم کارەوە بن، بەتایبەت لەم هەفتانەی دواییدا هێرشەکان بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە سنوورییەکان زیادیان کردووە.