کۆمیسیۆن: دەمانەوێت پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوە بچێت

عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: هەوڵی سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەدەین. جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە پارت و کاندیدەکان پابەندیی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن بن.

شەممە 9ـی ئابی 2025، عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: دەمانەوێت پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوە بچێت، هەروەها بە یەک چاو سەیری هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین.

سەرۆکی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوە کرد، لە وێستگەیەکی گرنگی پرۆسەی هەڵبژاردن دان. هەروەها دەڵێت: هەڵبژاردنێکی شەفاف بەرپرسیارییەتی هەمووانە.

عومەر ئەحمەد، داوا لە کاندید و هاوپەیمانێتییەکان دەکات پابەندیی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن بن، بە تایبەت لە پرۆسەی بانگەشەدا.

هیواداریشە لایەنە سیاسییەکان، بە شێوەیەکی دیموکراتییانە ململانێی یەکتر بکەن و هەوڵ بۆ بەدەستهێنان دەنگ بدەن.

هەر ئەمڕۆ جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی گوت: هیچ نییەتێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە، هەروەها ئامادەکارییەکان بە شێوەیەکی باش بەڕێوە دەچن، بۆ ئەوەی لە ڕۆژی دیاریکراویی خۆیدا کە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵە، هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت.