عامر حوسێنی: هەر کورسییەک بەرانبەر بە 100 هەزار دەنگ دەبێت
سەرۆکی بازنەی هەڵبژاردنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، کۆمیسیۆن هەنگاوی باشی ناوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن. دەشڵێت: هەر کورسییەک بەرانبەر بە 100 هەزار دەنگ دەبێت.
شەممە 9ـی ئابی 2025، عامر حوسێنی، سەرۆکی بازنەی هەڵبژاردنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: کۆمیسیۆن هەنگاوی باشی ناوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن، لەوانەش؛ نوێکردنەوەی ئامێرەکان و ئامادەکردنیان بۆ پرۆسەی دەنگدانی داهاتوو.
دەشڵێت: تۆماری بایۆمەتریمان نوێکردووەتەوە و کارتەکانمان دابەش کردووە بەسەر وێستگەکاندا، هەروەها بۆ هەر 100 هەزار کەسێکی عێراقی یەک ئەندام پەرلەمان هەیە.
سەرۆکی بازنەی هەڵبژاردنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجیان لەم ئامادەکارییە هەڵبژاردنێکی بێگەرد و دەستووری و یاساییە کە ئەندام پەرلەمانەکان نوێنەرایەتی خەڵک بکەن.
هەر ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، تیروپشکی بۆ ژمارەی کاندید، پارتی سیاسی و هاوپەیمانێتییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد.
لای خۆیەوە عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: دەمانەوێت پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوە بچێت، هەروەها بە یەک چاو سەیری هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین.
9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردبووەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.