ئێران.. هێرشی چەکداری کرایە سەر بنکەیەکی پۆلیسی سەراوان و کوژراو و بریندار هەن
ئەمڕۆ هێرشێکی چەکداری لەلایەن سوپای عەدل کرایە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێکی پۆلیس و سێ چەکدار کوژران.
یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردەوە، ژمارەیەک چەکداری سوپای عەدل هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی پۆلیسی سەراوان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، کە لەئەنجامدا سێ چەکدار کوژراون و دوو کەسی دیکەش دەستگیر کران.
ئاژانسەکە ڕاشیگەیاند، هەر لە ئەنجامی هێرشەکەدا ئەفسەرێکی پۆلیسی بنکەکە کوژراوە و پۆلیسێکی دیکە برینداربووە.
چەند سەرچاوەیەکی دیکە ئاماژەیان بەوە کردووە، کە چەکدارەکان سەر بە 'سوپای عەدل' بوون، بەڵام تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بڵاونەکراوەتەوە.
سوپای عەدل لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا هێرش دەکاتە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران، بەتایبەتی بنکەکانی پۆلیس، سوپای پاسداران و پاسەوانی سنوور، ئەو چەکدارانە پشت بە چەکی سووک و پشتێنەی تەقەمەنی دەبەستن.
هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتە، ژمارەی چەکدارەکانی ئەو ڕێکخراوە لە نێوان هەزار بۆ دوو هەزار چەکدار دەخەمڵێنن.