دەستەی ژینگە: بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، پڕۆژەی 'ڕووناکی' ژینگەی هەولێری پاک کردووەتەوە

محەممەد بورھان، شۆفێرە و هەموو بەیانییەک لە شەقڵاوەوە دێتە هەولێر. محەممەد پێشتر ژینگەی هەولێری لە دوورەوە بە پیسی دەبینی؛ بەڵام ئێستا هەست بەوە دەکات کە ژینگەی شارەکە پاک بووەتەوە.

محەممەد بورهان دەڵێت: "ژینگەی هەولێر بە شێوەیەکی بەرچاو پاک بووەتەوە، دووکەڵ و تەپوتۆزی جاران نەماوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ژمارەی زۆری ئۆتۆمبێل کاریگەریی خۆی لەسەر پیسبوونی ژینگە هەیە؛ بەڵام دۆخەکە ئێستا زۆر باشترە. من کە هەموو بەیانییەک لە دەرەوەی شارەوە دێم، بە ڕوونی ئاسمانی هەولێر دەبینم و هەست بە جیاوازییەکی گەورە دەکەم؛ ئێستا زۆر ڕوونتر و پاکترە لە چاو جاران."

دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان پلانێکی ستراتیژیی 10 ساڵەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی داڕشتووە. هاوکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی گرنگی لە بواری زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و پشت بەستن بە وزەی پاک جێبەجێ کردووە، کە کاریگەری ئەرێنییان لەسەر ژینگە هەبووە.

ھەڤاڵ ئەحمەد، بەرپرسی فەرمانگەی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا لە دەستەی ژینگە ئاماژە بەوە دەدات "بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، کەشی هەولێر گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هاتووە. بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای "ریمۆت سێنسینگ" و وێنەی سەتەلایت، جیاوازییەکی ڕوون لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا دەبینرێت. بەتایبەتی، پیسکەرە مەترسیدارەکانی هەوا وەک PM2.5 و PM10، کە کاریگەری نەرێنییان لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، بە ڕێژەیەکی بەرچاو و بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیون. هۆکاری سەرەکی ئەم گۆڕانکارییە پۆزەتیڤە، کواژندنەوەی 1200 مۆلیدە، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی نەوت و گازوایل بووە."

ھەڤاڵ ئەحمەد باس لەوەش دەکات "ئەم هەنگاوانە نەک هەر کوالێتی هەوایان باشتر کردووە، بەڵکوو کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پلەکانی گەرمایان کەم کردووەتەوە و تەندروستیی گشتییان پاراستووە. پڕۆژەی (ڕووناکی) چەندان کەرتی گرنگی وەک تەندروستی، ژینگە، و کەشوهەوای پێکەوە بەستووەتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵ بە ساڵ کاریگەرییە ئەرێنییەکانی زیاتر دەردەکەون."

پڕۆژەی ڕووناکی ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیۆن و 750 هەزار هاووڵاتی و کاریگەریی بەرچاوی لەسەر پاککردنەوەی ژینگەی کوردستان هەبووە. بەهۆی کوژانەوەی زیاتر لە 2500 مۆلیدەی گازوایلی گەڕەکەکان و کەمکردنەوەی دەرەدانی گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن.

کوژانەوەی 1200 مۆلیدە لەناو سەنتەری پارێزگای هەولێر و 600 مۆلیدەی دیکە لە دەوروبەری پارێزگای هەولێر، مەودای بینینی لە شەش کیلۆمەترەوە زیاد کردووە بۆ هەشت تا 10 کیلۆمەتر. 

 
 
Fly Erbil Advertisment