گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی: هێرش و پەلاماری سەگ بۆ سەر مرۆڤ 40% زیادی کردووە
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، پەلاماری سەگ بۆ سەر مرۆڤ زیادی کردووە، تەنیا لە مانگی تەممووزدا 94 حاڵەت تۆمارکراون.
ڕۆژی دووشەممە، 11ـی ئابی 2025، سەرکار سوورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە ماڵپەری کوردستان24ـی گوت: پەلامار و هێرشی سەگە بێلانەکان لە گەڕەکەکان، ڕووداوی نەخوازراو دروست دەکەن، تەنیا لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا 94 ڕووداوی تۆمارکراون، بەراورد بە تەممووزی 2024، ڕێژەکە 40% زیادی کردووە.
گوتیشی: لە ئاماری نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، جگە لە پەلاماری سەگەکان، 89 پێوەدانی دووپشک، 13 پێوەدانی مار تۆمارکراون.
پێشتر لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، حەسەن ئیسماعیل، بەڕێوبەری شێڵتەری سەگە بێلانەکان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر بەردەوامە و ڕۆژانە دوو تیم زیاتر لە 50 سەگی بێلانە لە کۆڵانەکان کۆدەکەنەوە.
گوتیشی: لە ماوەی 22 مانگدا، زیاتر لە 17 هەزار سەگی بێلانە لە هەولێر کۆکراونەتەوە و براونەتە شێڵتەر، بەڵام بە نزیکەیی 15 هەزاریش ماون، بەتایبەتی لە شارۆچکەکانی دەورووبەری هەولێر.
بە مەبەستی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر، پڕۆژەی دروستکردنی شێڵتەری سەگی بێلانە بە گوژمەی 455 ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر و لەسەر زەوییەک بە ڕووبەری 20 دۆنم دروستکراوە و ڕۆژانە چەندین تیمی پزیشکی ڤیتێرنەری و کارمەندی تایبەت، تێیدا کاری دەرمانکردن و پێدانی خواردن بە سەکەگەکان دەکەن.