هێزەکانی ڕووسیا خۆیان لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ بەهێزتر دەکەن

تەلەفزیۆنی سووریا بڵاوی کردەوە، هێزەکانی ڕووسیا بە چەند قۆناغێک خۆیان لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ بەهێزتر کردووە و ڕاداریان لە فڕۆکەخانەکە جێگیر کردووە.
ماڵپەڕی تەلەفزیۆنی سووریا ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئابی 2025، لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوکردەوە، هێزەکانی ڕووسیا بە چەند قۆناغێک خۆیان لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ بەهێزتر کردووە، لەوانە نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنەی کە فڕۆکە ڕووسیەکانی تێدا جێگیرکراوە، فراوانکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی سەرباز و ئەفسەرەکانیان لە فڕۆکەخانەکە.
ماڵپەڕی تەلەفزیۆنی سووریا گرتەی تایبەتی هێزەکانی ڕووسیای دەستکەوتووە کە ڕادار لە فڕۆکەخانەکە جێگیردەکەن، هەروەها بەربەستیان داناوە و دەروازەی چوونە ژوورەوەیان فراوانتر کردووە و ئاڵای ڕووسیایان بەسەر باڵەخانەی فڕۆکەخانەکەدا هەڵکردووە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، دوو فڕۆکەی بارهەڵگری ڕووسی بە بەردەوامی لە نێوان فڕۆکەخانەی قامیشلۆ و بنکەی ئاسمانی حمەیمیمدا دەسوڕێنەوە و سەرباز و کەرەستەی لۆجستی و کەرەستەی سەربازی دەگوازنەوە بۆ فڕۆکەخانەی قامیشلۆ. دەشڵێت: ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە شێوەیەکی گشتی یان لە بەیانیان یان لە شەودا ئەنجام دەدرێن بۆ ئەوەی سەرنج و چاوی میدیاکان لەسەر جوڵەکانیان نەبێت.
سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، ژمارەی سەربازانی ڕووسیا لە فڕۆکەخانەکە بەراورد بە پێش ڕووخانی ئەسەد، کەمیکردووە، بەڵام ڕووسیا لە مانگی ڕابردووەوە دەستی بەو جوڵانە کردووە.
سەرچاوەکە پێشبینی کردووە کە لە ئێستادا نزیکەی 200 سەربازی ڕووسی لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ جێگیر کرابن.

