ئابووری چین خۆی لە داوی كۆرۆنا رزگار دەكات

ئابووری چین خێراتر لە پێشبینییەكان بووژاوەتەوە

K24 - ھەولێر

ھەرچەندە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چینەوە بە جیھاندا بڵاوبووەوە و لێكەوتەی زۆری گەورەی لەسەر ئابووری وڵاتەكە ھەبوو، بەڵام ھەر لەگەڵ سووكردنی قەدەغە، توانی خێراتر لە پێشبینییەكان بووژانەوە لە ئابوورییەكەی تۆمار بكات، بەجۆرێك لە چارەكی دووەمی ئەمساڵ بەبڕی  110 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار زیادەی لە تەرازووی بازرگانیدا تۆماكردووە، شارەزایانیش لەو بڕوایەدان ئابووری وڵاتەكە لە ئاڕاستەی بووژانەوەی بەردەوام دەبێت.

ئاژانسی شینگوای چینی لە راپۆرتێکدا ئاشكرای كرد، چین توانی لێكەوتە نەرێنییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئابوورییەكەی تێپەڕێنێت، بەو پێیەی كە لە چارەكی دووەمی ئەمساڵ زیادەیەكی لە تەرازووی بازرگانی بەبڕی زیاتر لە 110 ملیار دۆلار تۆماكرد، كە ئەوەش لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی بەھای وەبەرھێنان و ھەناردە لە وڵاتەكە بوو، شارەزایانی ئابوورییش پێیانوایە ئەو پێنوێنییە دەرخەری بووژانەوەی  ئابووری پەكینە لە لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

بەگوێرەی نووسینگەی داتا نیشتمانییەكانی چین تایبەت بە نەختینەی بیانی، لە چارەكی دووەمی ساڵی 2020دا، زیادەی تەرازووی بازرگانی لە چین گەیشتووەتە 110 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بەراورد بەو كورتھێنانەی كە لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵ تۆماریكردووە و بڕەكەی 33 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بووە، ھاوكات زیادەی بازرگانی كاڵا گەیشتووەتە 161 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی، ھەرچی بازرگانی خزمەتگوزارییەكانە گەیشتووەتە 29 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار.

لیژنەی پەرەپێدان و چاكسازی شارەوانی پەكین ئاماژەیداوە، قەبارەی وەبەرھێنان لە پەكین، لە ماوەكانی نێوان كانوونی دووەم تاوەكو ئاب، بەرێژەی 0.6% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە نزیكەی 69 ملیار دۆلار و بەرێژەی 2.7% زیادیكردووە بەراورد بەھەمان ماوەی ساڵی رابردوو.

جەختیشیكردەوە، ئەمساڵ پەكین لە جێبەجێكردنی 100 پڕۆژەی ژێرخان، 100 پڕۆژەی گوزەرانی بەردەوام و 100 پڕۆژەی پیشەسازی تەكنەلۆژیا بەردەوام دەبێت و بەھای وەبەرھێنانەكان نزیكەی 191 ملیار دۆلارە.

لیژنەكە ھەروەھا بڵاویکردووەتەوە، حكومەتی چین نزیكەی 1400 پڕۆژەی نوێی خستووەتەڕوو و ئەمساڵ كۆی وەبەرھێنان بە بەھای زیاتر لە 110 ملیار و 200 ملیۆن دۆلارە.

سەبارەت بە ھاوردەكانی چین، داتا گومرگییەكان ئاشكرای دەكەن، مانگی حوزەیران ھاوردەكانی بەرێژەی 2.7% بەرزبووەتەوە لەسەر بنەمای ساڵانە، ھەناردەكانیشی بە رێژەی 0.5% بەرزبووەتەوە، ئەوەش دەریدەخات كە خواستی جیھان لە ئەنجامی سووكردنی رێوشوێنەكانی قەدەغە، بەرەو باشبوونە.

 لای خۆیەوە ئاژانسی ئیندبندتی عەرەبی ئاماژەی داوە، تۆماركردنی ئەو زیادەیە لە سەردەمی كۆرۆنادا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە چین، وەستانی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی ئەمەریكا لەگەڵ ژمارەیەكی گەورەی وڵاتانی جیھان، وەك ھەلێك بۆ خۆی قۆستەوە تاوەكو ئابوورییەكەی دووبارە بەھێز بكات.