بڕیاری دروستکردنی دوو سەنتەری نوێی ئۆتیزم لە کوردستان درا

ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ی ئابی 2025، کەمال جەباری، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند، بڕیاری دروستکردنی دوو سەنتەری نوێی ئۆتیزم لە دوو شارۆچکەی هەرێمی کوردستان دەرچووە.

جەباری ڕوونیکردەوە کە ئامانج لە دامەزراندنی ئەم دوو سەنتەرە، ڕاهێنانکردنە بە منداڵانی ئۆتیزم و هاوکات پێشکەشکردنی ڕێنمایی پێویستە بە دایک و باوکان، تا بتوانن بە شێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیاندا بکەن و ڕاهێنانیان پێ بکەن.

سەبارەت بە شوێنی سەنتەرەکان، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزم گوتی: "ئەو دوو سەنتەرە لە شارۆچکەی هەریری سەر بە قەزای شەقڵاوە و شارۆچکەی ڕزگاری لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دروست دەکرێن." ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دوو ناوچەیە پێویستییەکی زۆریان بەم جۆرە سەنتەرانە هەبووە و پلانیش هەیە کە لە داهاتوودا لە هەموو شار و شارۆچکەیەکی کوردستاندا سەنتەری تایبەت بە ئۆتیزم بکرێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کەمال جەباری, داوایەکی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و گوتی: "داوا دەکەین کاتێک سەنتەرەکان دروست دەکرێن، تەنها بیر لە باڵەخانە نەکرێتەوە، چونکە باڵەخانە بە تەنها بەس نییە. گرنگە کارمەندی پسپۆڕ و شارەزایان بۆ دابین بکرێت تا بتوانن خزمەتێکی شایستە پێشکەش بکەن."

شایەنی باسە، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 3,900 منداڵی تووشبوو بە ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستاندا هەن. حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا چەندین سەنتەری حکوومی و ناحکوومیی بۆ ڕاهێنان و خوێندنی منداڵانی ئۆتیزم کردووەتەوە. هەروەها، بە مەبەستی پشتیوانیکردنی خێزانەکان، مۆڵەتی دایکایەتی بۆ ئەو دایکانەی فەرمانبەرن و منداڵی ئۆتیزمیان هەیە، دابین کردووە. ئەمساڵیش، حکوومەتی هەرێم لیستی ناوی سەرجەم منداڵانی ئۆتیزمی ڕەوانەی بەغدا کردووە، تا وەک خاوەن پێداویستیی تایبەت تۆمار بکرێن و هاوکاریی مانگانەیان بۆ ببڕدرێتەوە، هەرچەندە تا ئێستا بەغدا کارەکانی تەواو نەکردووە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment