ڕووسیا تێلێگرام و واتسئەپ سنووردار دەکات

ڕووسیا پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی تێلێگرام و واتسئەپ سنووردار دەکات، بەهۆی ئەوەی ئەو دوو پلاتفۆرمە بۆ مەبەستی کاری تیرۆریستی و ئاژاوەگێڕی بەکار دەهێنرێن.

چوارشەممە 13ـی ئابی 2025، فەرمانگەی ڕووسیا بۆ چاودێری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری و میدیا ڕایگەیاند، ئاگادارتان دەکەینەوە بۆ سنووردارکردنی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان لە پلاتفۆرمەکانی تێلێگرام و واتسئەپ ڕێوشوێنی پێویستیمان گرتووەتە بەر، ئەمەش بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی چالاکییە تاوانکارییەکانە لە ڕووسیا.

ئاماژەشی داوە، بەگوێرەی سکاڵای هاووڵاتییان، ئەم پلاتفۆرمە بیانییانە بوونەتە ئامرازی سەرەکی بۆ فێڵکردن، وێرانکاری و بەکارهێنانی هاووڵاتییان بۆ کاری تێکدەرانە و تیرۆریستی لە ڕووسیا.

هەروەها فەرمانگەکە باسی لەوەش کردووە، کە چەندین جار داوایان لە خاوەنی پلاتفۆرمەکان کردووە ڕێوشوێن بگرنە بەر، بەڵام داواکارییەکانیان پشتگوێ خراوە.

فەرمانگەکە جەختیشی لەوە کردووەتەوە، کە سنووردارکردنەکە هیچ تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەم دوو پلاتفۆرمە ناگرێتەوە و تەنیا پەیوەندییە تەلەفۆنەکان سنووردار دەکرێن.

 
 
Fly Erbil Advertisment