عێراق: لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ ئێران لەسەر پرسی پارتە کوردییەکانە

نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڵاوی کردەوە، هیچ ڕێککەوتنێکی ئەمنی نوێ لەگەڵ ئێران واژۆ نەکراوە، بەڵکو یاداشتی لێکتێگەیشتنی نوێ واژۆکراون.

لە بەیاننامەیەکدا کە میدیاکان بڵاویان کردەوە، نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاند: لە سەردانی عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بۆ عێراق، لێکتێگەیشتنی ئەمنی واژۆ کراون.

بەیاننامەکە ئاشکرای کردووە، لێتێگەیشتنەکە لەوێنەی ڕێککەوتنەکەیە کە لەنێوان هەردوو وڵاتدا پێشتر واژۆ کراوە سەبارەت بە 5 پارتی کوردی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، ئەو لێکتێگەیشتنە دەمێکە هەیە و لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەبارەوە دراوە، تەنها واژۆکردنی مابوو.

نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاندووە، یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بەر لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کراوە، بۆیە  لە سەردانی لاریجانی واژۆکرا، دەشڵێت: ئەوەی کراوە یاداشتی لێکتێگەیشتنە نەوەک ڕێککەوتن.

عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ڕۆژی11ـی ئابی 2025، بە سەردانێک گەیشتە عێراق، بەپێێ میدیاکانی ئێرانیش، سەردانەکەی لاریجانی، لەچوارچێوەی ڕێککەوتنە ئەمنییەکانە بووە لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەی هەرێمیی، لەگەڵ ئەو خواستەی ئێران هەیەتی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا و ڕێگریی لە هەڕەشەکانی سەر سنووری نێوان هەردوو وڵات.

 لاریجانی بەر لە سەردانەکەی بۆ عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران لە ئاستێکی باڵادایە، نموونەی ئەوەش چلەی ئیمام حوسەینە کە لەلایەن عێراقەوە پێشوازییەکی گەرم لە زیارەتکاران دەکرێت و ئێمە سوپاسگوزارین.

هەروەها گوتی: لەگەڵ عێراق لە داڕشتنەوەی ڕێککەوتنی ئەمنیداین، ئەمەش خاڵێکی زۆر گرنگە، دەشڵێت: لە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ئاسایشی ئێران خاڵی سەرەکی دەبێت، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ، ئاماژە بەوە دەکات، پەیوەندیەکانمان وەک پەیوەندی بەشێک لە وڵاتان نییە کە تەنها ئاسایشی خۆیان بەلاوە گرنگە، بۆیە لەبارەی پرسی ئاسایش، بیر و ڕا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئاڵوگۆڕ دەکەین.