ئەردۆغان: هەنگاوی نوێمان بۆ پرۆسەی ئاشتی دەبێت

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی لەمیانی یادی 24 ساڵەی دامەزراندی پارتەکەی ڕایگەیاند: پرۆسەیەکی زۆر هەستیار بەڕێوەدەبەین و دەرفەتێکی مێژوویی هاتۆتە پێش.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاک پارتی) ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئابی 2025، ڕایگەیاند: ئامانجمانە بەهۆی پرۆسەی ئاشتییەوە،  مەترسی  لەسەر وڵاتەکەمان نەهێڵن و برایەتی لەمێژنەی نێوان گەلەکەمان بەهێزتر بکەین، ئەم پرۆسەی دەستمان پێکردووە، لە ماوەیەکی کورتدا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە.

ئەردۆغان گوتی: دەخوازین لایەنەکانی دیکەش بە هەمان نیازپاکی مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکە بکەن. هەروەها پابەندین بەوەی کە تورکیایەکی بێ تیرۆر بکەینە ڕاستی،  نە نەوەکانی داهاتوو لە هیچ کەسێک خۆشنابن، ببنە کۆسپ  لەبەردەم پرۆسەی ئاشتی.

سەرۆکی ئاکپارتی ئاماژە بەوە دەکات، پرۆسەیەکی زۆر هەستیار بەڕێوەدەبەین و  لە تورکیا دەرفەتێکی مێژوویی هاتۆتە پێش بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی  درێژخایەنی وڵاتەکەی و ڕێگە نادەین بەفیڕۆ بدرێت. هەربۆیە بە وردی ئەم پرۆسەیە بەڕێوە دەبەین، هەروەها لە کاتێکدا لە ناوچەکەدا یارییەکی نوێ لەئارادایە و هاوکێشەیەکی نوێ لە جیهاندا دادەڕێژرێتەوە، ئەو هەوڵانە پوچەڵدەکەینەوە دژی وڵاتەکەمان هەیە و  ئامادەکاریی بۆ هەنگاوێکی نوێ دەکەین، تورکیا دەرفەتێکی مێژوویی قۆستۆتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی درێژخانی و سوڕە لەهێنانە دی سەقامگیری.

کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، 05ـی ئابی 2025، یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا کە تایبەت بۆ سەرخستنی پڕۆسەی نوێی ئاشتی دەستیپێکرد. ناوی کۆمسیۆنەکە کرایە "کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی".

هەروەها ڕۆژی هەینی، 8ـی ئابی 2025، کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانیی پەرلەمانی تورکیا، بۆ دووەمین جار کۆبووەوە.

کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە 48 ئەندام پێکدێت، ئاکپارتی 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و یەنی یۆڵ 3 ئەندامیان لەو کۆمیسیۆنەکە بۆ دیاریی کراوە و پارتەکانی دیکە کە فراکسیۆنیان نییە، هەر یەکەیان ئەندامێکیان بەرکەتووە.

ڕۆژی هەینی11ـی تەممووزی 2025، گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment