ڤیان دەخیل: پێویستە حکوومەتی عێراق قەرەبووی کوردانی ئێزدی بکاتەوە

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت: تاوەکوو شنگال و ناوچەکانی دیکەی ماددەی 140 نەگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان بارودۆخی ئەو ناوچانە ئارام نابێت. 

ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئابی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: حکوومەتی عێراق دۆسیەی ئێزدییەکان بە جیددی وەرناگرێت، بەهۆی ئەوەی کورد و ئێزدی بوون، چەندین فەرمانیان بەسەر هاتووە، پێویستە حکوومەتی عێراقی قەرەبوویان بکاتەوە و ڕێگری بکات لە دووبارەنەبوونەوەی فەرمانی دیکەی هاوشێوە، هەروەها پێویستە داواکارییەکانیان جێ بەجێبکرێت.

ڤیان دەخیل گوتی: تاوەکوو شنگال و ناوچەکانی دیکەی ماددەی 140 نەگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان بارودۆخی ئەو ناوچانە ئارام نابێت، هەروەک دەبینین ئەو ئێزدیانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێنە لە ئارامی و بەبێ گرفت دەژین.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی، پێشووتریش بۆ کوردستان24، ئاماژەی بەوە کردبوو، تاوەکوو ئێستا 25 گۆڕی بە کۆمەڵی ئێزدییەکان هەڵنەدراونەتەوە، حکوومەتی عێراق هەنگاوی ڕژدی لە پێناو هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان نەهاوێشتووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment