کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر دەستبەکاربوو

کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، وێندی گرین، لە 8ـی ئابی 2025 وەک کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر، عێراق دەستبەکاربوو.

هەروەها وێندی گرین پێشتر وەک جێگری باڵیۆز لە وڵاتی ئێسوپیا لە ساڵانی 2023 تا 2025 خزمەتی کردووە. بە درێژایی نزیکەی 25 ساڵ کاری دیبلۆماتی لە پۆستی جۆراوجۆر لە وڵاتان و لە واشنتن خزمەتی کردووە. هاوکات لە 2014 تاوەکوو 2017، وێندی گرین وەک بەرپرسی بەشی کونسوڵگەری لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە دوبەی خزمەتی کردووە سەرپەرشتی خزمەتگوزاری کاروباری ڤیزای ئەمەریکی بۆ ئێرانی دەکرد.

وێندی گرین چەندین جار خەڵاتی کارامەیی باڵای و چوار جار خەڵاتی ڕێزلێنانی باڵای وەرگرتووە، هاوکات خەڵاتی وەزیری دەرەوەی بۆ کارامەیی سەرکردایەتی کردن لە شوێن و دۆخە سەختەکان پێبەخشراوە و دوو جار میدالیای ڕێزلێنانی بۆ خزمەتیهاوبەشی سەربازی و مەدەنی لەلایەن وەزیری بەرگریی پێشکەشکراوە.

کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی تێکساس لە ئارلینگتۆن، بڕوانامەی ماستەری لە بواری زانست و هونەری ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە کۆلێژی فەرماندەیی و ئەرکانی هێزی ئاسمانی، بڕوانامەی ماستەری زانستی لە ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی لە کۆلێژی جەنگی نیشتمانی بەدەست هێناوە، هاوکات زمانەکانی هۆڵەندی و فەرەنسی و عەرەبی خوێندووە.

هەروەها ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی پێشووی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بە زمانی کوردی ڕایگەیاند، بە دڵێکی پڕەوە ماڵئاوایی لە هەرێمی کوردستان دەکات و سوپاسی هەرێمی کوردستان دەکات.

گوتیشی: لە ڕێگەی هاوکاریی ئەمنییەکانەوە، چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان ئەنجامدا کە یارمەتیدەر بوون لە دوورخستنەوەی هەڕەشەکان، هاوکات هاوبەشیمان کرد بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ئافرەتان، گەنجان و کۆمەڵگە پەراوێز خراوەکان لە سەرتاسەری هەرێمدا. ئاماژەشی دا، هاوبەشی ئابووریمان لە نێوان کۆمپانیاکانی ئەمەریکا و کوردستان بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان و هەلی کاری فراوانتر کرد.

ستیڤن بیتنەر لە پەیامەکەیدا، سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ دۆستایەتیتان لەگەڵ خەڵکی ئەمەریکا و گوتی: شانازی دەکەم بە هەموو ئەو دەستکەوتانەی پێکەوە بەدەستمان هێناون لە پێناو ئەوەی ئەم هەرێمە بەهێزتر و خۆڕاگر بێت.