پاکستان..بەهۆی لافاو و ڕۆچوونی زەوی زیاتر لە 200 کەس گیانیان لەدەستداوە

بەهۆی لافاو و ڕۆچوونی زەوی لە سەرانسەری باکووری پاکستان زیاتر لە 200 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی پاکستان، هۆشداری دەدات بۆ کاری پێویست نەبێت ماڵەکانیان بەجێ نەهێڵن.

هەینی 15ی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی بارانی وەرزیی بە خوڕەوە، لافاو و ڕۆچوونی زەوی لە سەرانسەری باکووری پاکستان ڕووی داوە، لانی کەم 199 کەس لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە، هاوکات نزیکەی 180 کەسیان لە هەرێمی شاخاوی خەیبەر پختونخوا تۆمارکراون.

هەروەها بەڕێوەبەرایەتی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لەو بارەوە ئاماژەی داوە، نۆ کەسی دیکە لە کشمیری ژێر دەسەڵاتی پاکستان و پێنج کەسی دیکە لە هەرێمی باکووری گیلگیت-بالتیستان بەهۆی ڕووداوەکەوە گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەیان بەهۆی لافاو و داڕمانی خانووەکانیانەوە بووە، هاوکات لەنێو مردووەکاندا 19 ژن و 17 منداڵ هەن و لانی کەم 28 کەسی دیکەش برینداربوونە.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی پاکستان، هۆشداری دا بارانبارینی بەخوڕی لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان بەردەوام دەبێت، بۆیە داوا لە خەڵک دەکات بۆ کاری پێویست نەبێت ماڵەکانیان بەجێ نەهێڵن و ژیانی خۆیان نەخەنە مەترسییەوە.

عەزیزوڵڵا، دانیشتوویەکی قەزای بونێر کە دەیان کەس تێیدا گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "گوێم لە دەنگێکی پێم وا بوو شاخێک ڕووخا، چونکە تەواوی ناوچەکە دەلەرزییەوە، وەک ئەوەی کۆتایی دونیا بێت." ئاماژەشی دا، زەوی بەهۆی هێزی ئاوەکەوە دەلەرزییەوە، مەرگی خۆم بە چاوی خۆم بینی.