ئاڵۆزیی نێوان سوودانی و گرووپە چەکدارەکان؛ تاقیکردنەوەیەک بۆ مانەوەی حکوومەتی سوودانی

ئاژانسی هەواڵی بی بی سی، ڕاپۆرتێکی شرۆڤەکاریی دەربارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە: مانگی ڕابردوو محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراودا فەرماندەی دوو لیوای سەر بە "کەتائیبی حزبوڵڵا"ی لەسەرکار لابرد.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوودانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی، ئەم لیوایانە تەقەیان لە هێزەکانی پۆلیس کردووەو لە ئەنجامدا بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی چەند کەسێک لە پێکدادانە خوێناوییەکانی بەغدا."

ئەم بڕیارانە، نوێترین قۆناغی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان کەتائیبی حزبوڵڵا و سەرۆک وەزیرانی عێراقە لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکانەوە.

زۆر کەس، کەتائیبی حزبوڵڵا بە بەهێزترین گرووپی چەکدار لەنێو حەشدی شەعبیدا دەزانن، کە زۆرینەیان شیعەن. ئەم گرووپە ڕۆڵێکی گرنگی لە شەڕی دژ بە داعشدا هەبووە.

چی ڕووی دا؟

لە 27ی تەممووزی ڕابردوو، سوودانی فەرمانی کرد لێکۆڵینەوە لە پێکدادانە خوێناوییەکانی نێوان ئەندامانی کەتائیبی حزبوڵڵا و هێزەکانی پۆلیسی بەغدا بکرێت، کە بووە هۆی کوژرانی دوو کەس، لەنێویاندا ئەفسەرێکی پۆلیس و برینداربوونی 12 کەسی دیکە.

لە هەمان ڕۆژدا و چەند کاتژمێرێک دواتر، 'ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەمنیی سوپا' ڕایگەیاند "14 گومانلێکراوی سەر بە کەتائیبی حزبوڵڵایان دەستبەسەر کردووە و ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەرییان کردوون."

ماوەیەکی کەم دواتر، حەشدی شەعبی ڕایگەیاند "بە هیچ شێوەیەک سەرپێچی لە فەرمانەکان و پێشێلکردنی ڕێنماییە ئەمنییە دیاریکراوەکان قبووڵ ناکات".

کاردانەوەی کەتائیبی حزبوڵڵا چی بوو؟

کەتائیبی حزبوڵڵا بە تەواوی هەر جۆرە بەشدارییەکی لەو پێکدادانانەدا ڕەت کردەوە.

ئەم گرووپە لە 28ی تەممووزدا ڕایگەیاند "ئێمە هیچ ڕۆڵێکمان لەم پێکدادانەدا نەبووە و هۆشداری دەدەین کە ئەم پەرەسەندنە لە بەرژەوەندیی دوژمنانی عێراقە و لە پلانێکی شوومەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئامانجیان دروستکردنی دووبەرەکییە لە ڕیزەکانی نیشتمانیدا و ناچارکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتە بۆ شەڕکردن لەگەڵ یەکتردا".

ئەم گرووپە 'هێزە بیانییەکان' و هەڵمەتە میدیاییەکانی دوژمنانی، بە هۆکاری ڕوودانی پێکدادانەکان زانی.

لە کاردانەوەی بڕیارەکانی سوودانیدا، کەتائیبی حزبوڵڵا، لە 10ی ئابدا ڕایگەیاند "ئەنجامە کۆتاییەکانی لێکۆڵینەوەکان، کاریگەریی شێواندن و بەکارهێنانی نابەجێی دەسەڵاتی بەسەردا هەبووە و بە مەبەستی لێدانی کەتائیبی حزبوڵڵا و سەرکردەکانی حەشدی شەعبییە، بە شێوەیەک، کە تەنها ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە ڕازی دەکات."

گرووپەکە داوای لە دەسەڵاتی دادوەری کرد "پێش هەر جۆرە دەستکارییەک، ڕاستیی بەڵگەنامەی فەرمیی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا بکات".

ئایا گرووپی حزبووڵڵا بووە هۆی ئاڵۆزییەکان؟

وا دەردەکەوێت ئەم گرووپە دوای بێهیوابوونی لە ئازادکردنی هێزە دەستبەسەرکراوەکانی، هەڵمەتێکی دژ بە سوودانی دەست پێ کردووە.

لە 4ی ئابدا، کەتائیبی حزبوڵڵا ڕایگەیاند "سوودانی بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتووە، بەڵام هەرگیز سەرکردەیەکی سەرکەوتوو نەبووە و نابێت".

هەروەها، ئەم گرووپە داوای لە سەرکردەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" – هاوپەیمانیی دەسەڵاتداری شیعە – کرد ڕێگریی لە بڕیارە 'ناهاوسەنگەکانی' سەرۆک وەزیران بگرن.

کەتائیبی حزبوڵڵا، لە 11ی ئابدا داوای "گرتنەبەری بڕیاری پێویستی بۆ پاراستنی عێراق و شوێنە پیرۆزەکانی کرد تا کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆک وەزیرایەتیی سوودانی."

ئایا ئەمە تەنیا خاڵی ناکۆکییە؟

ئەو ڕاپۆرتانەی پرسیار لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بەپێی خشتەی دیاریکراو دروست دەکەن، بوونەتە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکیی نێوان ئەو گرووپانە و سوودانی.

ئەبوعەلی عەسکەری، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی ئەم گرووپە، لە 23ی تەممووزدا هۆشداری دا "ئەگەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق نەکشێنەوە، کەتائیبی حزبوڵڵا هەڵوێستێکی دیکەی دەبێت." ئەو جەختی کردەوە "پێویستە سوودانی پابەندی ڕێککەوتنەکەمان بێت و هێزە ئەمەریکاییەکان لە وڵات دەربکات".

لە ئەیلوولی 2024دا، ئەمەریکا و عێراق لەسەر کشانەوەی سەرجەم هێزە ئەمەریکییەکان ڕێککەوتن، بە شێوەیەک کە زۆربەی هێزەکان لە قۆناغی یەکەمدا تا ئەیلوولی 2025 دەکشێنەوە و چاوەڕوان دەکرێت ئەوانەی دەمێننەوە، ساڵی دواتر، واتە 2026، عێراق بەجێ بهێڵن.

سیناریۆی ئەگەریی داهاتوو چییە؟

هەندێک لە شرۆڤەکاران پێشبینییان کردووە لەوانەیە چەند گرووپێک دژ بە سوودانی بێنە سەر شەقامەکان، هاوشێوەی ئەو هەنگاوەی لە ساڵی 2022، دژ بە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتە کرا، کاتێک هەوڵی دا ئەو گرووپانە چەک بکات.

ئەوکات، کەتائیبی حزبوڵڵا هەڕەشەی دەستگیرکردنی کازمیی کرد و بزووتنەوەی نوجەبا بە "خائین و هاوکاری دوژمن" وەسفیان کرد. ئەوان ماڵەکەی کازمییان لە ناوچەی سەوزی بەغدا، کە بە توندی پارێزراوە، گەمارۆ دا و هەوڵیان دا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کاتیۆشا تیرۆری بکەن.

نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو، هۆشداریی داوە "هێزە دەرەکییەکان هەوڵ دەدەن دەوڵەتی عێراق ناچاری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گرووپە شیعەکاندا بکەن" و گوتی: ئەوان بەنیازن ئاژاوە لە نێوان گرووپە شیعەکاندا دروست بکەن و لەگەڵ دەوڵەتدا تووشی گرژی و ئاڵۆزیی ببنەوە.

مالیکی جەختی کردەوە "لە ئەگەری ڕوودانی پێکدادان لەنێوان گرووپە شیعەکاندا، وڵات بەرەو ئاژاوە دەچێت و ڕەنگە حکوومەتێکی فریاکەوتن پێک بهێنین."

شرۆڤەکاران ئەم قسانەی مالیکیان بە هەڕەشەیەکی ئاشکرا لە قەڵەم دا کە نیشانی دەدات سەرکردە سیاسی و گرووپە چەکدارە شیعەکان، نیازی لادانی سوودانییان هەیە.

هەندێکی دیکە جەختیان کردەوە کە لەگەڵ زیادبوونی کەلێنە سیاسی و کێشەی هەڵبژاردنەکان لەناو "چوارچێوەی هەماهەنگی"دا، ئەم هاوپەیمانێتییە بەرەو هەڵوەشانەوە یان سەرلەنوێ ڕێکخستنەوە دەبات.

هەندێک لە چاودێران پێیانوایە پەرەسەندنی گرژییەکان ڕەنگە موقتەدا سەدر، ڕێبەری کاریگەری شیعە، کە چەندین جار داوای چەککردنی هەموو گرووپە چەکدارەکانی کردووە، هان بدات بۆ پشتیوانیی سوودانی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەماندا.

بێگومان، هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەتوانێت یارمەتیی سوودانی بدات بۆ لاوازکردنی گرووپە چەکدارەکان و گۆڕینی پێکهاتەی سیاسیی پەرلەمانی داهاتووی عێراق.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment