ترەمپ: ئێران دووجار لە بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆم نزیک بووە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران تا ئێستا رێککەوتنی لەگەڵ واشنتن واژۆ نەکردووە، ئەوەش بەهۆی ئاستی داواکارییەکانی ئەمریکا.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئێن بی سی نیوز" ئاماژەی بەوە کرد، ئێران دوو جار لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم نزیکبووەتەوە، هەروەها رەخنەی لە رێککەوتنی پێشوو گرت و گوتی: "رێککەوتنی پێشوو رێگەیەک بوو بۆ ئەوەی ئێران لە ماوەی 5 ساڵدا ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."

سەبارەت بە توانای سەربازیی ئێران، ترەمپ رایگەیاند؛ ئێران تەنیا %21 بۆ %22ـی مووشەکەکانی ماوەتەوە، و گوتی: "ئەوان هەندێک مووشەک و درۆنیان هەیە، بەڵام ئەمە ئەو بڕە نییە کە پێش هێرشەکەی ئێمە هەیانبوو، چونکە زۆربەی کارگەکانی درۆن و پێگەکانی هەڵدانی مووشەکیان تێکشکێندراون." هەروەها جەختی کردەوە، واشنتن شوێنی ئەو مووشەک و درۆنانەی دیکەش دەزانێت کە ماونەتەوە.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچن و دووپاتی کردەوە، تاران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئێستا لەو بارودۆخەدا نییە کە بتوانێت بەدەستی بهێنێت.