سیستەمی کۆپۆن شۆفێرانی مووسڵی نیگەران کردووە
شۆفێرانی پارێزگای نەینەوا بەهۆی سیستەمی کۆپۆن و کەمی بڕی سووتەمەنی تووشی گرفت بوون، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بڕیاری دا، سیستەمی دابەشکردنەکە لە کاغەزییەوە بۆ ئەلیکترۆنی بگۆڕێت تا کۆتایی بە جەنجاڵی و قەیرانی بەنزین بێت.
سەباح رسل، شۆفێرێکی ئۆتۆمبێلی کرێیە لە مووسڵ، بە دەرمان باعەدری، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ئۆتۆمبێلەکەی بەناوی خۆی نییە، بۆیە ناتوانێت کۆپۆنی حکوومی وەربگرێت. ئەم شۆفێرە ناچارە لیتری بەنزین بە 650 دینار لە بازاڕی ئازاد بکڕێت، ئەمەش باری دارایی و بژێوی ژیانی قورس کردووە.
هاوکات مەنهەل عەزۆ، شۆفێرێکی دیکەی شارەکەیە، ئاماژەی بەوە دا، بڕی 40 لیتر بۆ هەر دوو رۆژ جارێک زۆر کەمە، ناتوانن بەو بڕە کار بکەن، زۆرجار بەو هۆیەوە لە ماڵەوە دادەنیشن، چونکە کڕینی سووتەمەنی بە گرانی لە دەرەوەی وێستگە حکوومییەکان تێچووی زۆرە و قازانجیان بۆ نامێنێتەوە.
ئەحمەد عەبد رەبە، سەرۆکی لیژنەی وزە و نەوت لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بۆ کوردستان24 ئەوەی خستەروو، ئەنجوومەن لەگەڵ پارێزگار و لایەنی پەیوەندیدار کۆبووەتەوە، بڕیاری دا، لە ماوەی مانگێکدا کۆپۆنی کاغەزی نەمێنێت.
باسی لەوەش کرد، بەرپرسانی شارەکە دەیانەوێت سیستەمی ئەلیکترۆنی جێگیر بکەن، دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە.
پارێزگای نەینەوا ماوەی چوار ساڵە تەنیا بە کۆپۆن سووتەمەنی دابەش دەکات، ئەمەش لە نێوان پارێزگاکانی عێراقدا باری نائاسایی بۆ خەڵکی ناوچەکە دروست کردووە.