بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی نوێ 90 کەس گیانیان لەدەستدا
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی چیکۆنگۆنیا، دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسی دیکەش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
ماڵپەڕی جەزیرە لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە، 90 کەس لە دانیشتوانی ئەمەریکا و باشووری دەریای هیندی، کە کەسی بەتەمەن یاخود تووشبووی نەخۆشی درێژخایەنن، گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەش داوە، ڤایرۆسی چیکۆنگۆنیا، لە 16 وڵات بڵاوبووەتەوە، کە ڕێژەیەکی بەرچاوی لە وڵاتی چینە، ڕوونیشی کردووەتەوە تەنیا لە مانگی ڕابردوو لە گوانگ دۆنگی چین، زیاتر لە 10 هەزار تووشبوو تۆمارکراوە، هەروەها240 هەزار تووشبووش لە سەرانسەری جیهان تۆمارکراوە.
چیکۆنگۆنیا جۆرە نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، لە ڕێگەی مێشوولەوە دەگوازرێتەوە، نیشانەکانی بریتین لە، تایەکی زۆر و لەناکاو، ئازاری جومگە و ماسوولکەکان، کە بۆی هەیە ئەم ئازارە بۆ ماوەی چەند مانگێک و چەند ساڵێک بەردەوام بێت. نیشانەکانی دیکەشی سەرسووڕان و بێتوانایی و دروستبوونی پەڵەی پێستە.
بە گشتیی ڤایرۆسەکە کوشندە نییە، بەڵام بۆ ئەوانەی بەساڵاچوون یان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە مەترسیدارە. هەروەها ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرای کردووە، 5.6 ملیار کەس لە 119 وڵاتی جیهان مەترسیی ئەو ڤایرۆسەیان لەسەرە.