پێنج چەکداری تاڵیبان کوژران

دەزگای دژەتیرۆری پاکستان رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا لە پێشاوەر 5 چەکداری سەر بە بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان کوژران. ئۆپەراسیۆنەکە بە ئامانجی دەستگیرکردنی یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە بووە.

ئەمرۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، دەزگای دژە تیرۆری پاکستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئۆپەراسیۆنەکە لە ناوچەی جەناکور سەر بە بنکەی پۆلیسی بادابیر بەڕێوەچووە. هەڵمەتەکە دوای ئەوە هات هێزە ئەمنییەکان زانیاریی هەواڵگرییان لەسەر بوونی سەرکردە تاج محەمەد ناسراو بە "شینی" و چەند چەکدارێکی دیکە دەستکەوت، کە گومانیان لێ دەکرا پلانی هێرشیان بۆ سەر دامەزراوە ئەمنییەکان هەبێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، چەکدارەکان دەستبەجێ دوای گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان بۆ شوێنەکە دەستیان بە تەقەکردن کردووە و پێکدادانێکی چەکداری لە نێوانیاندا روویداوە کە نزیکەی 20 بۆ 25 خولەکی خایاندووە.

دەزگای دژەتیرۆر باسی لەوەش کرد، پاش پشکنینی شوێنەکە تەرمی 5 چەکدار دۆزراونەتەوە و رێکارەکانی ناسینەوەیان بەردەوامە. تاج محەمەد و 2 یان 3 لە یاوەرانی توانیویانە لە شوێنەکە هەڵبێن.

هێزە ئەمنییەکان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستیان بەسەر 3 کڵاشینکۆف و 2 دەمانچە و بۆمبێکی دەستی و بڕێک تەقەمەنیدا گرتووە. هاوکات هێزی پشتیوانی گەیشتوونەتە ناوچەکە و گەڕان بەدوای هەڵاتووەکاندا بەردەوامە.

لە راگەیەندراوەکەدا هیچ ئاماژەیەک بەوە نەکراوە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا زیانی گیانییان بەرکەوتبێت.