كتێبێكی نوێ له بارهی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا بڵاو كرایهوه

پهرتووكێكی نوێ كه کورتە مێژوویەکی بزووتنەوەی قوتابییانی جیهان و بزووتنەوەی قوتابییانی کوردستان لەخۆ دەگرێت، چاپ و بڵاو كرایهوه؛ پهرتووكهكه چەند بەڵگەنامەیەکی کۆمەڵەکەی تێدایه كه باس له چالاكییهكان، ناکۆکییەکانی کۆمەڵەکه و جیابوونەوەیان و چەند هەڵوێستێکی کومێدی و بەسەرهاتێکی خۆشی کۆمەڵەکه دەکهن.
دووشهممه، 18ـی ئابی 2025، پەرتووکی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا "باڵیۆزخانەی کوردستان لە تاراوگە" لە نێوان ساڵانی (1949-1975) له لایهن دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان چاپ و بڵاو كرایهوه. ئهم پهرتووكه كه 888 لاپهڕهیه، لە بنەڕەتدا دوو بەش بووە و له لایهن نووسهر "جهعفهر عهلی" به زمانی عهرهبی نووسراوه و له لایهن نهبهز ڕۆستهم كراوهته کوردی و لە پێشەکی و دەروازە و شەش بەش پێکهاتووە.
بەشی یەکەمی ئەم پەرتووکە، کورتە مێژوویەکی بزووتنەوەی قوتابییانی جیهان و بزووتنەوەی قوتابییانی کوردستان لەخۆ دەگرێت، هەروەها وردەکاری هەر حەڤدە کۆنگرەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا خراوەتەڕوو.
بەشی دووەمی باسی پێکهاتەی هزری و سیاسیی کۆمەڵەکه و ئامانجەکان، چالاکییەکانی کۆمەڵەکه له بواری بەجیهانیکردنی کێشەی کورد، چالاکییەکانی کۆمەڵەکه له وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات، ڕۆڵی ئافرەت له کۆمەڵەکه و پەیوەندییه کوردییەکانی، پەیوەندیی کۆمەڵەکه لەگەڵ ڕێکخراوەکانی قوتابییانی جیهان و هاوکارییە داراییەکان، خوێندن، هەڵوێستی ڕژێمی داگیرکارانی کوردستان له ئاست کۆمەڵەکه و چالاکییەکانی، هەڵوێستی حزبه شیوعییەکان بەرانبەر کۆمەڵەکه، ناکۆکییەکانی کۆمەڵەکه و جیابوونەوەیان و چەند هەڵوێستێکی کومێدی و بەسەرهاتێکی خۆشی کۆمەڵەکه دەکات.
بەشی سێیەمی تەرخان کراوە بۆ باسکردنی لقەکانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا وەک، لقى بەريتانيا، نەمسا، ئەڵمانیای ڕۆژئاوا، ئیستانبوڵ، ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، بەرلینی ڕۆژئاوا، چیکۆسلۆڤاکیای پێشوو، پۆلۆنیا، يۆگسلاڤیای پێشوو، سوید، ڕۆمانیا، فەرەنسا، بولگاریا، هەنگاریا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا و هۆڵەندا.
بەشی پێنجەمی باسی ژیاننامەی ژمارەیەک لە چالاکوانانی ئەم کۆمەڵەیە دەکات و بەشی شەشەمیشی چەند بەڵگەنامەیەکی کۆمەڵەکە و وێنەکان لەخۆ دەگرێت.
پرۆژهی "دهستهی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان" له پێناو ناساندن، كۆكردنهوه، به دیكۆمێنتكردن و بڵاوكردنهوهی مێژوویی كار و خهباتی پارتی دیموكراتی كوردستان لهسهر پێشنیازیی مهسرور بارزانی له ساڵی 2014 دامهزراوه.