نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كان ده‌یانه‌وێت به‌غدا چۆڵ بكه‌ن

بە گوێره‌ی یاسا نێودەوڵەتییەکان وڵاتان دەتوانن باڵیوزخانەکانیان بگوازنەوە هەولێر

K24 – ھەولێر:

چاودێرانی سیاسی و پسپۆڕانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێیانوایە هەولێر ئارامترین شوێنە بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتان دوای کشانەوەی باڵوێزخانەکانیان له‌ به‌غدا بارەگاكانیان بگوازنه‌وه‌ بۆ هەولێر.

دۆخی ئەمنی عێراق گەیشتووەتە ئاستێک، بەرگەی فشاری زیاتر ناگرێت، هێرشە مووشەکییەکان وای لە نێردە دیپلۆماتییەکان کردووە، بیر لە جێهێشتنی بەغدا بکەنەوە. ئەم جێهێشتنەش کاریگەری لەسەر تەواوی پێکهاتەکانی دەوڵەتی عێراق دەبێت. بەشێک لە نێردە دیپلۆماتیییەکان هەرزوو پەنایان بۆ هەولێر ھێناوە و وەک پەناگەیەکی ئارام سەیری دەکەن.

بە کشانەوەی نێردە دیپلۆماتییەکان، ئەوا بە شێوەیەکی خۆکارانە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق دەچێتە دۆخێکی مەترسیدارەوە. لەم دۆخە هەستیارەشدا عێراق پێویستی بە هاوکاری سیاسی، تەندروستی و ئابووریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە. هەولێر ئاڵتەرناتیڤی بەغدایە بۆ بەشێک لە نێردە دیپلۆماتییەکان.

ئاراس عەبدوڵڵا، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گوتی: بە گوێره‌ی یاسا نێودەوڵەتییەکان وڵاتان دەتوانن باڵیوزخانەکانیان بگوازنەوە هەولێر، کە هۆکاری سەرەکی ئەوەیە ئارامترین شوێنە لە عێراقدا.

سەرەڕای بەڵێنە بەردەوامەکانی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پاراستنی دیپلۆماتکار و هێزە بیانییەکان، کەچی هێرشە مووشەکییەکان بەردەوامن و ئەو لایەنانەی خۆیان بە "سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی ئەمه‌ریکا" ناساندووە، بەڵێنیان داوە بە بەردەوامیدان بە هێرشەکانیان تا ئەو کاتەی ئەمه‌ریکا هێزەکانی دەکشێنێتەوە.