ئیسپانیا.. بەهۆی شەپۆلی گەرماوە لە دوو هەفتەدا نزیکەی 1150 کەس گیانیان لەدەستداوە

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای تەندروستی کارلۆسی سێیەم، لە سێی ئابەوە تا 18ی ئاب، هەزار و 149 کەس لە ئیسپانیا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئابی 2025، پەیمانگای تەندروستی کارلۆسی سێیەمەوە بە پشتبەستن بە داتاکانی "سیستەمی چاودێریکردنی مردن" (MoMo) و داتای کەشوهەوای ئاژانسی کەشناسی نیشتمانی (AEMET) ئیسپانیای بڵاوی کردووەتەوە، لە ئیسپانیا تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەی یەکەمی مانگی ئابدا نزیکەی هەزار و 150 کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.

لە تەممووزی ئەمساڵ، پەیمانگای کارلۆسی سێیەم ڕایگەیاندبوو، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، هەزار و 60 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە ئەمەش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، 57% زیادیکردووە.

شارەزایانی بواری کەشوهەوا دەڵێن، گەرمبوونی زەوی دەبێتە هۆی دروستبوونی شەپۆلی گەرمای درێژخایەن لە سەرانسەری جیهاندا.

بەگوێرەی شارەزایانی کەشناسی، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، پلەکانی گەرما لە ئەورووپا و جیهان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، هاوکات وڵاتانی ئەورووپا بە تایبەت شەپۆلی گەرما وڵاتانی ئیسپانیا و فەرەنسا گرتووەتەوە و هاووڵاتییانی نیگەران کردووە.