دوو مانگی داهاتوو تەواوی هێزی پێشمەرگە لە ڕێگەی هەژماری منەوە مووچەکانیان وەردەگرن

گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، وەزارەتەکەیان لە کارەکانی یەکخستنەوەی هێزەکان بەرەوپێشچوونێکی باشی بە خۆیەوە بینیوە و هه‌نگاوه‌كان له‌م باره‌وه‌، گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی؛ دەشڵێت، تاوەکوو دوو مانگی داهاتوو تەواوی هێزی پێشمەرگە لە ڕێگەی هەژماری منەوە مووچەکانیان وەردەگرن.

سێشەممە 19ـی ئابی 2025، عوسمان ڕیشە، گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردستان 24ـی گوت: یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و ژمارەی فیرقەکان تەواو بووە، بەم نزیکانە هەر دوو فەرمانگەی دەڤەرەکانی یەک و دووی هێزی پێشمەرگە دروست دەکرێت و ئەنجامی کۆتایی ڕادەستی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەكرێت.

عوسمان ڕیشە گوتیشی: ڕێنماییەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە لە هەوڵەکانمان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان هاوکار و یارمه‌تیده‌ر بووه‌، هاوکات هەر دوو فەرماندەیی یەکەکانی 80 و 70 هاوکارییەکی باشی ئەوانیان کردووە.

عوسمان ڕیشە، باسی لەوەش کرد، لە ڕووی چاکسازییەوە وەزارەتی پێشمەرگە بەرەوپێشچوونی باشی بە خۆیەوە بینیوە هەر وەکوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە لە هەژماری منەوە پێشەنگی سەرجەم وەزارەتەکانی دیکەیه‌ و زۆرترین پێشمەرگە و ئەفسەر لە ڕێگەی هەژماری منەوە مووچەکانیان وەردەگرن، هاوکات بڕیارە لە دوو مانگی داهاتوو تەواوی هێزی پێشمەرگە مووچەکانیان بچێتە سەر هەژماری من.

گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو، هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوامە، بڕیاریشه‌ بۆ ساڵانی داهاتوو ڕێککەوتنی نوێ بکرێت. باسی لەوەش کرد، وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە لە مه‌شقپێدانی هێزه‌كانی پێشمەرگە.