ئیلۆن مەسک پلانەکانی بۆ دامەزراندنی 'پارتی ئەمەریکا' دوادەخات

ملیاردێری بەناوبانگ ئیلۆن ماسک، بەشێوەیەکی کاتی پاشەکشەی لە پلانەکانی بۆ دامەزراندنی پارتێکی سیاسی نوێ کردووە بە ناوی "پارتی ئەمەریکا". ئەم بیرۆکەیە لە سەرەتای مانگی تەمموزدا وەک بەدیلێک بۆ سیستەمی دوو حزبی لە ئەمەریکا خرایەڕوو.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، چەند هۆکارێک لەپشت ئەم بڕیارەوەن، لەوانەش، تەرخانکردنی کات بۆ کۆمپانیاکانی، ماسک دەیەوێت کات و سەرنجی زیاتر بۆ کۆمپانیاکانی، تێسلا و سپەیس ئێکس، تەرخان بکات.
پاراستنی پەیوەندییە سیاسییەکان، یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرەکییەکان، پاراستنی پەیوەندییە باشەکانییەتی لەگەڵ سیاسەتمەدارە کۆمارییەکان، بەتایبەتی جێگری سەرۆک جەی دی ڤانس، کە لە بزووتنەوەی "ئەمەریکا یەکەم" نزیکە. کەسانی نزیک لە ماسک ئاماژەیان بەوە کردووە، دروستکردنی پارتێکی نوێ لەوانەیە زیان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڤانس بگەیەنێت و پشتیوانییەکانی لە داهاتوودا بخاتە مەترسییەوە، بەتایبەت ئەگەر ڤانس لە ساڵی 2028 خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید بکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کردووە، کۆبوونەوەکانی "پارتی ئەمەریکا" هەڵوەشاونەتەوە. هەرچەندە ماسک بە فەرمی دەستبەرداربوونی لە بیرۆکەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام کۆبوونەوە پلاندارێژراوەکانی لەگەڵ گرووپێکی پسپۆڕ لە دامەزراندنی پارتی سێیەم هەڵوەشاندووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ماسک بە تەواوی ئەگەری زیندووکردنەوەی دەستپێشخەرییەکەی لە داهاتوودا ڕەت نەکردووەتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خول.
پاشەکشەکردن لەم پلانە بەو مانایە نییە، ماسک لە سیاسەت دوور دەکەوێتەوە. لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024دا، نزیکەی 300 ملیۆن دۆلاری بۆ پشتگیریکردنی دۆناڵد ترەمپ و کاندیدە کۆمارییەکانی دیکە خەرج کردووە. جەی دی ڤانس بە یەکێک لە سوودمەندە سەرەکییەکانی پشتیوانییە دارایی و سیاسییەکانی ماسک دادەنرێت.
کاردانەوەی کۆمارییەکان
بیرۆکەی دامەزراندنی پارتێکی نوێ لەلایەن ماسکەوە، لەناو هەندێک لە بازنە کۆمارییەکاندا بە کارێکی "نائاقڵانە" و "ناجددی" وەسف کرا. بۆیە پاشەکشەکردنەکەی وەک سەرکەوتنێک بۆ ئەو لایەنانە تەماشا دەکرێت، چونکە دروستبوونی پارتێکی نوێ دەیتوانی دەنگی کۆمارییەکان پەرتەوازە بکات و لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا زیانیان پێ بگەیەنێت.