چیڕۆکی پاسپۆرتێکی سەد ساڵەی هاووڵاتییەکی کۆیە

چیڕۆکی پاسپۆرتێکی عێراقی کە تەمەنی نزیکەی سەدەیەکە، باس لە مێژوویەکی دەوڵەمەندی تاکەکەسی و گەشتەکانی هاوڵاتییەکی خەڵکی کۆیە دەکات لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا.

 ئەم پاسپۆرتە هی هاووڵاتییەک بە ناوی "موراد ئەحمەد حەسەن عەبدوڵڵا"ـە، لە ساڵی 1929 دەرهێنراوە و بەڵگەیەکی مێژوویی گرنگە لەسەر ژیانی ئەو سەردەمە.

ئەو هاووڵاتییە لە ساڵی 1840 لە شاری کۆیە لە دایک بووە. لە ساڵی 1929، لە تەمەنی 89 ساڵیدا، توانیویەتی پاسپۆرتی عێراقی بەدەست بهێنێت و ژمارەی پاسپۆرتەکەی 125 بووە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ناوبراو یەکێک بووە لە یەکەمین ئەو کەسانەی لە عێراقدا ئەم بەڵگەنامە فەرمییەیان وەرگرتووە.

پیشەی سەرەکی موڕاد بازرگانیی مەڕوماڵات بووە، کە ئەمەش وایکردووە گەشتی زۆر بکات. پاسپۆرتەکەی بەڵگەی گەشتەکانیەتی بۆ وڵاتانی سعوودییە، سووریا، فەڵەستین و ڕۆژهەڵاتی ئوردن. 

یەکێک لە نەوەکانی موڕاد ئەحمەد، کە نەوەی پێنجەمیەتی، لە لێدوانێکیدا بۆ ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کردووە، پاسپۆرتەکەی باپیرە گەورەیان ڤیزەی فەڕەنسای پێوەیە، ئەمەش نیشانەی بەرفراوانی بازرگانی و گەشتەکانی بووە لەو سەردەمەدا.

نەوەکانی ئەم خانەوادەیە شانازی بە پاراستنی ئەم میراتە مێژووییەوە دەکەن و نەوە دوای نەوە ئەم پاسپۆرتەیان پاراستووە وەک یادگارییەکی بە نرخ. لەناو پاسپۆرتەکەدا، هەندێک لە تایبەتمەندییە کەسییەکانی موراد ئەحمەد حەسەن تۆمار کراوە، وەک ئەوەی ڕەنگی چاوی ڕەش و قژی سپی بووە.