پێشەوا هەورامانی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی هەڵەبجەیە

پێشەوا هەورامانی وەک نوێنەری سەرۆک وەزیران، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و سەرەخۆشیی و هاوخەمی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە خانەودەی هەردوو شەهیدەکەی ڕووداوی ئاگرەکەی پاریزگاکە گەیاند.

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە نوێنەرایەتی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و دەربارەی ڕووداوی ئاگری پارێزگاکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئەمڕۆ هاتووینەتە پارێزگای هەڵەبجە، پەیامی هاوخەمی و سەرەخۆشیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە خانەوادەی هەر دوو شەهیدەکەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی هەڵەبجە بگەیەنم.

هەورامانی ئاماژەی بەوەش دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیران، لە سەرەتای ڕووداوەکەوەکەی هەڵەبجە لە خەت بوو، بە پەرۆش بوو. هەروەها وەزیری ناوخۆ لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە لەسەر خەت بوو بۆ ئەوەی کە هەموو پێداویستییەک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی هەڵەبجە دابین بکرێت.

باسی لەوەش کرد، ئەو کەسەی کە خۆبەخش بوو و بەهۆی ئەم ڕووداوەوە شەهید بوو، وەزیری ناوخۆ، لەگەڵ نەخۆشخانەکە قسەی کردووە، بۆ ئەوەی مافێکی بۆ دابین بکرێت و لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆی جێبەجێ دەکرێت.

ڕاشیگەیاند، و ئێمە هەموو خەڵکی هەڵەبجەمان بینی کە پێکەوە بە ئافرەت و پیاو و مناڵ و پیر، جگە لە دام و دەزگا فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەمووی لە خەت بوون بە یەک دەنگ و یەک دەست بۆ ئەوەی کە هاوکار بن، ئینجا چ لە دابینکردنی دەبەیەک ئاو بێت بۆ تیمەکان، یان خود ئەوانەی کە چووبوونە ناو ئاگرەکە و هەوڵیاندا بۆ ئەوەی زیاتر تەشەنە نەکات. 

گوتەبێژی حکوومەت دەشڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی هەڵەبجەیە و پاڵپشتی پارێزگار و هەروەها ئەو خۆبەخشانەیە کە هاوکار بوون، تیمەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرگریی و فریاکەوتن و ئەوانەی کە خۆیان خستە نارەحەتی و سەختییەوە بۆ ئەوەی ئەم ئاگرە زیاتر تەشەنە نەکات و کۆنترۆڵ بکرێت.

کۆبوونەوەی شاندی هەرێم وبەغدا

پێشەوا هەورامانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شاندی هەرێم لە بەغدا کۆبوونەوەیان هەیە، پێش ئەوەی بێمە ژووری کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی، بە نامە قسەم لەگەڵ تیمی حکوومەت کرد، گفتوگۆیەکی جددی و کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە دەکەن،  120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی ئێمەش ئامادەیە، کەی پێویست بکات و داوا بکرێت، لە وەختی خۆیدا دەنێردرێت.

داواکاریی دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە لە سەرۆک وەزیران 

نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، بە تایبەتی داواکارییەکمان لەلایەن دانیشتوانەوە پێشکەش کراوە دەربارەی کارەبای 24 کاتژمێریی، ڕاستە پرۆژەکە پرۆژەیەکی نیشتمانی و زۆر زۆر گرنگە بۆ هەموو کوردستان، بەڵام بەهۆی بارودۆخی دارایی خەڵکی ناوچەکە، داواکارییەکمان ئامادە کردووە و هەر ئەمڕۆش ڕادەستی نوێنەری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکەین، هیوادارین بارودۆخی دارایی و سروشتی ناوچەکە و ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە لەبەرچاو بگیرێت بۆ ئەو بابەتە و بە وەڵامێکی ئەرێنی وەڵامی دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە بدرێتەوە.

پارێزگاری هەڵەبجە:  لە رووداوەکە زیاتر لە پێنج هەزار دۆنم زەوی سووتاوە

نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ڕایگەیاند: دوای سێ ڕۆژ بە هاوکاری تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، بەرگری شارستانی و هاووڵاتی خۆبەخشی دەڤەرەکە، توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام بەپێی خەمڵاندنی سەرەتای زیاتر لە پێنج هەزار دۆنم خەوی سووتاوە.

گوتیشی ئێمە لە ناوچەکەمان ئامێری پێویستمان نییە بۆ هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، بۆیە داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە 49 جۆر ئامێری جیاوازمان بۆ دابین بکەن و ڕەزامەندیان دەربڕیووە، ئێستا پێویستە وەزارەتی دارایی بەزووترین کات بڕیارەکە جێبەجێ بکات.

نوخشە ناسیح ئاماژەی بەوەش کرد، لەلایەن پۆلیسی هەڵەبجە و بەرگریی شارستانی، دەست کراوە بە لێکۆڵینەوە بۆ زانینی هۆکاری ئاگرەکە، ئەگەر بە مەبەست کرابێت ئەوا ڕێکاری یاسایی دەگرینە بەر.

لەبارەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، پارێزگاری هەڵەبجە گوتی: لیژنەیەک دروست دەکەین و نووسراو دەکەین بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ قەرەبووکردنەوەی تەواوی ئەو کەسانەی کە زەرەرمەندی ئەم ڕووداوە بوون.

ئەمە لە کاتێکدایە شەوی 17 لەسەر 18ـی ئابی 2025، ئاگر لە پوش و پاوانی گوندی چنار و مۆردینی سەر بە هەڵەبجە کەوتەوە، بەهۆیەوە گەنجێکی تەمەن( 28) ساڵ بەناوی ئاری موختار، لەگەڵ پۆلیسێک گیانیان لەدەستدا، دوو کەسی دیکەش برینداربوون.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment