لە بەرواری باڵا چەند گوللە تۆپێک دۆزرانەوە
ئەمڕۆ چوار شەممە، 20ـی ئابی 2025، ڕێگر بێسفکی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی مین لە دهۆک، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە بەرواری باڵا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە ئاگادار کراینەوە سەبارەت بە بوونی هەندێک تەقەمەنی و پاشماوەی شەڕ لە گوندەکانی ئەدنێ و سەرەڕو.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی مین لە دهۆک دەڵێت: تیمەکانی ئێمە لە ناوچەکە ئامادە بوون و چەندان جۆر تەقەمەنیان دۆزیەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا تەقەمەنییەکان لەناو کێڵگەی هاوڵاتیاندا بووە یان نا، ڕێگر بێسفکی گوتی: یەکێک لە گولـلە تۆپە گەورەکان، کە قەبارەکەی 155میلیم بوو، لەناو ڕەزی هاوڵاتییەکدا دۆزرایەوە. هەروەها، یەکێکی دیکەیان لە نزیک ماڵێکی گوندەکە بوو. مەترسییەکی گەورەیان دروست کردبوو چونکە نەتەقیبوونەوە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی مین لە دهۆک ڕاشیگەیاند، تەقەمەنییەکان بە سەرکەوتوویی لەلایەن تیمی تایبەتەوە کۆکرانەوە و گواسترانەوە بۆ شوێنێکی ئارام و تەقێنرانەوە.
سەبارەت بە ئەو ڕووبەرانەی زەوی کە چەندی پاککراونەتەوە ڕێگر بێسفکی دەڵێت: لە پارێزگای دهۆک بە گشتیی 779 هەزار ڕووبەری مین ڕێژ هەیە، لە ئێستادا 381 ڕووبەری زەویمان پاککرووەتەوە لە مین و ڕادەستی خاوەنەکانیان کراوەتەوە، هەروەها پێنج تیم لە بەڕێوەبەرایەتی دهۆک کار دەکەن بۆ پاککردنەوەی ئەو زەوییانە یەکێکیان لە ئامێدی و یەکێکی دیکەش لە شوێنی باڵندان کە شوێنێکی گەشتیارییە، ئەوی دیکەش لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کار دەکەن، ئەوی تریش لە مانگێشک لە سنووری پارێزگای دهۆکە.
ڕاشیگەیاند، ئەو مین و تەقەمەنیانەی ئێستا هەن، هی سەردەمی پەکەکە و حکوومەتی تورکیان و ئێستا زۆربەی خاوەن کێڵگەکان گەڕاونەتەوە سەر زەوییەکانیان و شتێکی ئاساییەش ئەگەر بێت و ئەو مینانە بتەقێنەوە، چونکە هی سەردەمانیکی کۆنن، بەڵام گرنگ ئەوەیە زیان بە هاووڵاتییان نەگەیەنن.
