وەزارەتی ڕۆشنبیری کتێبخانەی عەزیز گەردی کڕییەوە

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، دەستنووس، کتێبخانە و ئەرشیڤی مامۆستا عەزیز گەردی کڕییەوە، خاوەنی پێشووی پشتڕاستی کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، هێژا بەکر، برازای عەزیز گەردی و خاوەنی پێشووتری کتێبخانەکە بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەمڕۆ بە فەرمی کتێبخانەی مامی کۆچکردووم ڕادەستی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانمان کرد، بریار وایە تەواوی ئەرشیڤی عەزیز گەردی لە نێو کتێبخانەی زەیتوونە هۆڵێکی تایبەتی بەناوی عەزیز گەردی بۆ بکرێتەوە یان لە شوێنێکی تایبەت کتێبخانەکەی بەناوی بکرێتەوە.

هاوکات، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کتێبخانە و ئەرشیفی مامۆستای کۆچکردوو عەزیز گەردی، بە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی سەرچاوە و ناونیشانی دەگمەن و مێژوویی هەژمار دەکرێت، بەهایەکی گرنگی هەیە بۆ کایەی ڕۆشنبیری و مێژووی بزاوتی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی.

دوێنێ (19ـی ئابی 2025) وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕایگشتی، وردەکاری پڕۆسەی گفتوگۆ و دیدارەکانی شاندی وەزارەتی لەگەڵ میراتگرانی کۆچکردوو د. عەزیز گەردی خستەڕوو و ڕایگەیاندبوو، لە هەوڵەکانی بەردەوامە بە مەبەستی بەدەستهێنانی مافی خاوەندارێتی کتێبخانە و دەستنووسەکانی مامۆستای کۆچکردوو لە چوارچێوەیەکی یاساییدا.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەت لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتی بریکاری وەزارەت و ئەندامێتی ڕاوێژکارێکی وەزارەت، بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و بەرپرسی بەشی یاسایی وەزارەت پێکهێنابوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ میراتگرەکان.

دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیدار، بە بڕیاری دادگا مافی خاوەندارێتی کتێبخانەکە لە ڕێگەی زیادکردنێکی ئاشکرا بەخشرا بە یەکێک لە میراتگرەکان، دواتر وەزارەت سەرجەم کتێبخانە و ئەرشیڤ و دەستنووسەکانی لەو میراتگرە کڕیەوە.

وەزارەتی ڕۆشنبیری جەخت لەوە دەکاتەوە، بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەو ئەرشیڤ و کتێبخانە دەوڵەمەندە، کە زیاتر لە هەژدە هەزار سەرچاوە و ناونیشانی جیا لە خۆ دەگرێت، بخرێتە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیی، کتێبخانەیەکی تایبەتیان بە ناوی "کتێبخانەی د. عەزیز گەردی" بۆ بکرێتەوە، هەروەها دەستنووسەکانیش چاپ و بڵاوبکرێنەوە.

هەر دوێنێ سێشەممە، هێژا بەکر برازای عەزیز گەردی بۆ کوردستان24ـی دووپاتیکردەوە،  ئامادەن کتێبخانەکە ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن ئەگەر بیەوێت بیکاتە موڵکی گشتی یان مۆزەخانەیەک بە ناوی د. عەزیز گەردییەوە، چونکە "عەزیز گەردی موڵکی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە."

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment