کێشەی کەمئاوی لە بەردەڕەش چارەسەر دەکرێت
قەزای بەردەڕەش و ناحیەی دارەتوو لەگەڵ دەیان گوند، لە کێشەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە ڕزگاریان دەبێت، دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی گەورەی ستراتیژی داوە کە ئاوی زێی گەورە بۆ ناوچەکە ڕادەکێشێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەی ئاوی قەزای بەردەڕەش دراوە، کە تێیدا ئاو لە زێی گەورەوە بۆ سەنتەری قەزا و ناحیەی دارەتوو و 57 گوندی دیکە ڕادەکێشرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد "گوژمی پڕۆژەکە نزیکەی 305 ملیار دینارە و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت." گوتیشی "کێشەی کەمئاوی لەو ناوچە فراوانەدا بە شێوەیەکی ڕیشەیی چارەسەر دەکات."
ئاری ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاوڵاتیان بەردەوامە و چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ئەنجام داوە و بەردەوامیشە لەسەری."
چاوەڕوان دەکرێت تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، جگە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی بەردەوام بۆ دانیشتووان، ببێتە هۆی بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و گەشەپێدانی زیاتری ژێرخانی ئابووری لە سنووری قەزای بەردەڕەش.
قەزای بەردەڕەش، کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و نەینەوا، ساڵانێکی زۆرە بەدەست کێشەی کەمئاوی و نەبوونی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی جێگیرەوە دەناڵێنێت. زۆربەی ناوچەکە پشتیان بە بیرە ئیرتیوازییەکان بەستووە کە ئاستی ئاویان ساڵ لە دوای ساڵ دادەبەزێت و لە وەرزی هاویندا ڕووبەڕووی وشکبوونەوە دەبنەوە. ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان و کەرتی کشتوکاڵ لە ناوچەکەدا دروست کردووە.
جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە وەک هەنگاوێکی ستراتیژیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەماشا دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە درێژخایەنە، بەتایبەتی کە سەرچاوەی ئاوی پڕۆژەکە زێی گەورەیە، کە یەکێکە لە سەرچاوە ئاوییە هەرە گرنگ و پڕ ئاوەکانی کوردستان و عێراق.