هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: شەڕ و بەریەککەوتن کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات و چارەسەرەکان دوادەخات

پارێزگاری سلێمانی له باره‌ی گرژی و پێكدادانه‌كانی شاره‌كه، په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه و تێیدا ده‌ڵێت، شەڕ و بەریەککەوتن، هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، تەنیا کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات و چارەسەرەکان دوادەخات.
به‌یانی هه‌ینی، 22ـی ئابی 2025، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی له باره‌ی گرژی و پێكدادانه‌كانی شاره‌كه، په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه و ڕایگه‌یاندووه، لە ڕابردوو و ئێستادا، بە بەردەوامیی لە هەوڵدا بوون بۆ ئەوەی دۆخەکان نەگەنە ئەم دۆخە ناهەموارو نەخوازراوە.
پارێزگاری سلێمانی گوتووشیه‌تی، هێزی لۆژیک و لێکتێگەیشتن و یاساسەروەریی بکرێنە بنەمای یەکلاکردنەوەی هەر ناکۆکییەک، بەڵام بەداخێکی سەختەوە، پێشنیاز و دیالۆگ و میکانیزمە ئاشتیخوازانەکان کەمترین پشتیوانیی کران.
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر داوای لە هەموو لایەک كردووه هاوکار بن بۆ کۆتایهێنان بەم دۆخە نەخوازراوە و هەر ڕووبەڕووبوونەوە و بەریەککەوتنێک کە ئارامیی و ئاسایش و سەقامگیریی گشتیی دەخه‌نه بەر مەترسییەوە.
به‌ره‌به‌یانی هه‌ینی، 22ـی ئابی 2025، هاوژین جه‌مال، په‌یامنێری كوردستان24 له سلێمانی گوتی، هێرشی هێزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بۆ سه‌ر هۆتێل لاله‌زار له سه‌رچنار ده‌ستی پێكرد و له‌و هێرشه‌دا چه‌كی قورسیش به‌كار دێت و ده‌نگی ته‌قه‌یه‌كی زۆر دێت.
هاوژین جه‌مال گوتیشی، هێزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان داوایان له ماڵه‌كانی ده‌وروبه‌ری هۆتێله‌كه كردووه، ماڵه‌كانیان چۆل بكه‌ن، نه‌وه‌ك زیانیان به‌ربكه‌وێت.
هاوژین جه‌مال ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كاره‌با له ناوچه‌كه بچڕاوه و ده‌گوترێت، كوژراو و بریندار له هه‌ردوولادا هه‌یه، ته‌نانه‌ت مووشه‌ك ئاراسته‌ی هۆتێل لاله‌زار ده‌كرێت. به گشتی دۆخێكی ناله‌باری ئه‌منی له سلێمانی هه‌یه و له چه‌ند شوێنك ئاگر كه‌وتووه‌ته‌وه.
به‌ره‌به‌یانی هه‌ینی، 22ـی ئابی 2025، لاهور شێخ جه‌نگی په‌یامێكی ڤیدیۆیی له‌سه‌ر بانی هۆتێل لاله‌زار له سلێمانی بڵاوكرده‌وه و تێیدا ڕه‌خنه‌ی توندی له یه‌كێتی گرت و تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵ و خیانه‌تكاری دایه پاڵ.
لاهور شێخ جه‌نگی له په‌یامه‌كه‌یدا كه به دواپه‌یامی ناو برد و داوای گه‌ردن ئازادی له خه‌ڵكی سلێمانی كرد، گوتوویه‌تی، له پێناو خه‌ڵكی كوردستان و شاره‌كه‌ی له كوردستان ماوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رنا له دوای ڕووداوه‌كانی 8ـی ته‌ممووزه، ده‌رفه‌تی زۆر باشی بۆ هاتووه‌ته پێش و ده‌یتوانی له ئه‌ورووپا زۆر خۆش بژیێت.
لاهور شێخ جه‌نگی له په‌یامه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردبوو، ئاماده نییه ملكه‌چی هیچ هێز و لایه‌نێكی "ملهوڕ، گه‌نده‌ڵ، خیانه‌تكار، ناپیاو و ناپاك به خاك و نیشتمان" ببێت.
هه‌ینی، 22ـی ئابی 2025، ئارام به‌ختیار، په‌یامنێری كوردستان24 له سلێمانی گوتی، هێزێكی زۆری یه‌كێتی به تانك و زرێپۆشه‌وه له دوای نیوه‌شه‌وه‌وه، له‌ناو سلێمانی بڵاوه‌یان كردووه و به پێی زانیارییه‌كانیش به‌ره‌و لاله‌زار جووڵه‌یان كردووه بۆ ده‌ستگیركردنی لاهور شێخ جه‌نگی، كه به فه‌رمانی دادوه‌ری ئاسایشی سلێمانی داوای ده‌ستگیركردنی كراوه.
ئارام به‌ختیار ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌هۆی چۆلبوونی شه‌قام و بازاڕه‌كانی سلێمانی، ڕێگای جووڵه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان به‌ره‌و لاله‌زار كراوه‌تر بوو. گوتیشی، كاره‌بای لاله‌زار و ده‌وروبه‌ری كوژاوه‌ته‌وه و دیار نییه بۆچی كوژاوه‌ته‌وه و كێ كوژاندوویه‌تییه‌وه.
هه‌ینی، 22ـی ئابی 2025، میدیای نزیك له یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر زاری عه‌مید ئارام محه‌ممه‌د ساڵح، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی گوتی، له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و به پێی مادده‌ی 56 له یاسای سزاكانی عێراق ژماره 111ـی ساڵی 1969ـی هه‌مواركراو، فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ لاهور جه‌نگی و "چه‌ند تۆمه‌تبارێكی دیكه"، ده‌رچووه.
عه‌مید ئارام محه‌ممه‌د ساڵح گوتبووشی، دوای ده‌رچوونی، فه‌رمانه‌كه به‌سه‌ر سه‌رجه‌م هێزه ئه‌منییه‌كان و ئه‌ندامانی به‌رزه‌فتی دادوه‌ریی دابه‌ش كراوه.
عه‌مید ئارام محه‌ممه‌د ساڵح ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردبوو، فه‌رمانه‌كه پابه‌ندبوونی تێدایه و ده‌بێت ئه‌وانه‌ی ناویان تێدا هاتووه، ده‌ستگیر بكرێن. گوتیشی، وه‌كوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی سلێمانی ئاماده‌كارییان بۆ جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كه كردووه.
هه‌روه‌ها دادوه‌ر سه‌ڵاح حه‌سه‌ن، جێگری سه‌رۆكی دادگای سلێمانی كه هاوكات گوته‌بێژی دادگاكه‌شه به هه‌مان شێوه به كوردستان24 و به میدیای نزیك له یه‌كێتی ڕاگه‌یاند، بڕیاری ده‌ستگیركردنی لاهور شێخ جه‌نگی و "چه‌ند تۆمه‌تباریكی دیكه" له لایه‌ن دادگای ئاسایشی سلێمانی ده‌رچووه، بڕیاره‌كه‌ش به پێی مادده‌ی 56 له یاسای سزاكانی عێراق ژماره 111ـی ساڵی 1969ـی هه‌مواركراو بووه.
جێگری سه‌رۆكی دادگای سلێمانی گوتیشی، مادده‌ی 56 باس له بوونی ڕێككه‌وتن و هه‌ماهه‌نگیی تاوانكاریی و هه‌ر كارێكی دیكه ده‌كات كه زیان به ئاسایش و ئارامی بگه‌یه‌نێت.