ئاوارەکانی نێو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نایانەوێت بەزۆرەملێ بگەڕێنەوە

ئاوارەکانی نێو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن، نایانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان چونکە هیچ خزمەتگوزارییەک و سەقامگیری نییە.

شەیما بایز، پەیامنێری کوردستان24، لە کەمپی بەحرکە، قسەی لەگەڵ چەند کەسێک کرد، لەنێو کەمپەکە دەمێنەوە و یەکێک لە ئاوارەکان گوتی: ناتوانین بگەڕێینەوە زێدی خۆمان، چونکە هیچ خزمەتگوزارییەکی نییە، تەنانەت خانووش نییە کە تێیدا نیشتەجێ ببین، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازی بارزانی هاوکاری زۆری ئێمەی کردووە و سوپاسیان دەکەین.

یەکێکی دیکە لە ئاوارەکان بە پەیامنێری کوردستان24، گوت: لە ساڵی 2017وە لەم کەمپە دەمێنینەوە و لە دەورووبەری موسڵەوە هاتووین و ناوچەکانمان هیچ کاری لێ نییە بیکەین و خزمەتگوزارییەکانیش زۆر خراپن، هەروەها حکوومەتی عێراق هیچی بۆ نەکردووین و هاوکاریمان ناکات، بەڵام لێرە تەواوی خزمەتگوزارییەکان فەراهەم کراون و سەقامگیری هەیە.

لە سنووری پارێزگای هەولێر، پێنج کەمپی ئاوارەکان هەن و زیاتر لە نۆ هەزار ئاوارە هەن، کە دەکاتە هەزار و 963 خێزان.

هەروەها دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد بە هۆی شەڕی داعشەوە، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان، بە تایبەت لە پێکهاتەی مەسیحی و کوردانی ئێزدی، بە پاڵپشتی خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکاری ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە کەمپەکان گیرساونەتەوە و تاوەکوو ئێستا 18 کەمپی تایبەت بە ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستانن و زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە نەیاتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان،  چاوەڕێی دۆخێکی ئارام دەکەن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و سەربەرزانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

هەروەها وەزارەتی ناخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاشیگەیاندووە، لە بری پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و بەشداریکردن لە زەمینە خۆشکردن بۆ دۆخێکی سەقامگیر، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و لێژنەی باڵای ئیغاسە کۆبوونەوە دەکەن بۆ ئەوەی ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێبەش بکەن و بێ دیراسە و ڕاوێژکردن لەگەڵیان ناچاریان دەکەن وەکو نیشتەجێی دەرەوەی زێدی خۆیان بمێننەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment