دیوانی پارێزگای هەڵەبجە: هیچ کەمتەرخەمییەک لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا نەبووە

دوابەدوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرە بەرفراوانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی پارێزگای هەڵەبجە، دیوانی پارێزگاکە هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە کەمتەرخەمی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن لە ئەرکی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا.

ڕۆژی شەممە، 23ی ئابی 2025، فریاد نەجمەددین، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دیوانی پارێزگای هەڵەبجە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە دەربارەی کەمتەرخەمی بەرپرسان و لایەنەکان بۆ هاوکاریکردنی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە. هەر شوێنێکیش ئەو دەنگۆیانە بڵاوبکاتەوە ڕێکاری یاسایی لە دژی دەگرینە بەر."

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، هەموو لایەنەکان هاوکار بوون و هیچ کەسێک کەمتەرخەمی نەکردووە. بە گوتەی فریاد نەجمەددین، لەگەڵ کەوتنەوەی ئاگرەکە، پارێزگاری هەڵەبجە چەندین تیمی فریاگوزاری خێرای پێکهێنا و هەنگاوەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بەپەلە بەڕێوەچوون. هۆکاری درێژەکێشانی ئاگرەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، بوونی بایەکی خێرا بوو کە دەبووە هۆی زیاتر گڕگرتنی پووش و پەڵاش.

 

زیانەکان و هەوڵەکانی کۆنترۆڵکردن

ئاگرەکە کە دوای سێ ڕۆژ لە هەوڵی بێوچانی تیمەکانی بەرگری شارستانی، پۆلیسی دارستان و هاوڵاتیانی خۆبەخش کۆنترۆڵکرا، زیانی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتەوە. دوو کەس لە کاتی بەشداریکردن لە هەڵمەتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە گیانیان لەدەستدا. هەروەها، نزیکەی پێنج هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و لەوەڕگا، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵی کێوی سووتان و زیانێکی زۆر بەر شەش گوندی ناوچەکە کەوت.

لە ئێستادا تیمەکان لە شوێنی ئاگرەکە ماونەتەوە بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی ئاگر.

 

پێداویستی و تێچووی هەڵمەتەکە

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان ئاماژەی بەو پێداویستیانەش کرد کە لە ماوەی سێ ڕۆژی هەڵمەتەکەدا دابینکرابوون:

- سووتەمەنی: بە بڕی یەک ملیار دینار، گازوایل و بەنزین بۆ ئۆتۆمبێل و ئامێرە بەشداربووەکان دابینکرا.

- خۆراک و ئاو: بە بەهای یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار، ئاو و خۆراک بۆ تیمەکان و خۆبەخشان ئامادەکرا.

- ئامێری تایبەت: سێ ئامێری "بلاوەر" بە بڕی دوو ملیۆن و 400 هەزار دینار بۆ تیمەکانی بەرگری شارستانی کڕدرا.

 

"ئەوەی پێویست بێت بۆ هەڵەبجە دەکرێت"

شەوی 17 بۆ 18ـی ئابی 2025، ئاگر لە پوش و پاوانی گوندی چنار و مۆردینی سەر بە هەڵەبجە کەوتەوە، بەهۆیەوە گەنجێکی تەمەن 28 ساڵ، لەگەڵ پۆلیسێکی بەرگریی شارستانیی گیانیان لە دەست دا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون. هەر بەهۆی ئاگرەکەوە، نزیكه‌ی پێنج هه‌زار دۆنم پۆش و پاوه‌ن و ژماره‌یه‌كی زۆر ئاژه‌ڵی كێویی سووتان، شه‌ش گوند له‌ ناوچه‌كه‌ زیانی زۆریان به‌ركه‌وت.

هەر دوای ڕووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە، هەموو پشتیوانی و هاوکارییەکی دامودەزگاکانی حکومەتی بۆ پارێزگاکە ڕاگەیاند.

هاوکات پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەکوو نوێنەری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، گەیشتە پارێزگای هەڵەبجە.

لە سەردانەکەدا پێشەوا هەورامانی، سەرەخۆشی و هاوخەمیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە خانەوادەی هەردوو شەهیدەکەی ڕووداوی ئاگرەکەی پارێزگاکە گەیاند و پشتیوانیی مەسرور بارزانیی بۆ هەموو هاوکارییەکی خەڵکی پارێزگاکە ڕاگەیاند.

نوێنەری سەرۆکی حکوومەت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەل پارێزگاری هەڵەبجە گوتی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران، لە سەرەتای ڕووداوەکەی هەڵەبجە بەپەرۆشەوە لەسەر هێڵ بوو".