ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی: بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان لە عێراق دەستییان بە ئاوی پاک ناگات

کۆنفرانسی هەفتەی جیهانی ئاو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دەستی پێکردووە، ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیش لە عێراق هۆشداری دەدات کە بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان دەستییان بە ئاوی پاک ناکەوێت.

کۆنفرانسی هەفتەی جیهانی ئاو ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی ئابی 2025، لە ستۆکهۆڵم لە سوید بەڕێوەچوو و تاوەکوو 28ـی مانگ بەردەوام دەبیت، کە کۆنفرانسێکە لەسەر پرسەکانی ئاوە، ساڵانە بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوە دەچێت و لە ساڵی 1991ـەوە دەستی پێکردووە.

ئامانج لە کۆنفرانسەکە چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە ئاوە، هاوکات لە کۆنفرانسەکاندا بابەتەکانی ئاسایشی خۆراک، تەندروستی، کشتوکاڵ، تەکنەلۆژیا، قەیرانی کەشوهەوا باس دەکرێت.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچکردن لە عێراق (IOM) لەو بارەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە، ئاو پێویستە بۆ کەرامەت و تەندروستی و خۆڕاگری، بەڵام هێشتا زۆرێک لە خێزانەکان لە عێراق ڕۆژانە لە دەستڕاگەیشتن ئاوی پاک ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەشی داوە، لە هەفتەی ئاوی جیهانیدا، هەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی ئاو بۆ ئەو کۆمەڵگایانەی کە پێویستین لە عێراق دووپات کردەوە.