تورکیا چەند یاسایەک دژی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەر دەکات

"ریکلام کردن قەدەغەیە"

K24- هەولێر:

رەخنە لە یاسای نوێی تورکیا بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگیرێت، بەڵام پارتی داد و گەشەپێدان، ئەکەپە، دەڵێت بۆ رێگریکردنە لە هەڵە بەکارهێنان.

سەرەتای ئەم مانگە، تورکیا چەند یاسایەکی نوێی لەبارەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرکرد کە هەڕەشەن لەسەر فەیسبووک و توویتەر و چەند کۆمپانیایەکی دیکە.

تورکیا داوای لە تەواوی کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە، نووسینگە یاخود نوێنەری یاسایی خۆیان لە تورکیا بکەنەوە، هەر کۆمپانیایەکیش ئامادە نەبێت ئەو کارە بکات، دووچاری سزا دەبێتەوە.

رەخنەگرانی ئەم یاسا نوێیە دەڵێن، ئازادی بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە تورکیا بەرتەسکدەبێتەوە.

یامان ئاکدێنیز، مامۆستای یاسا لە زانکۆی بیگلی لە تورکیا بە رۆژنامەی دۆیچە ڤێلەی گوتووە، ئەم یاسایە دەرهاویشتەی خراپی دەبێت؛ رەنگە ببێتە هۆی داخستنی ئەو پلاتفۆڕمانە لە تورکیا.

ئاماژە بەوەش دەکات، هەر کۆمپانیایەک یاساکان پێشێل بکات، بڕی چوار ملیۆن یۆرۆ سزا دەدرێت.

یەکێک یاساکانی دیکەی تورکیا، قەدەغەکردنی ریکلامە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

تورکیا نیازی هەیە هەر کاتێک داوای سڕینەوەی پۆستێکی لەو کۆمپانیایانە کرد، دەبێت لە ماوەی دوو رۆژدا بیسڕنەوە؛ بە گووتەی دەسەڵاتدارانی ئاکپارتی، ئەمە بۆ نەهێشتنی هەراسانکردن و هەڵە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.