عێراق هەوڵی ناردنەوەی سەدان ژن و منداڵی بیانی دەستگیرکراو دەدات
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادە کاری پلانێک دەکات کە زیاتر لە 600 ئافرەتی بیانی زیندانی کراو لەگەڵ 60 منداڵ بگەڕێنێتەوە وڵاتەکانیان.
دووشەممە 25ـی ئابی 2025، ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، لیژنەیەکیان لەبارەی ناردنەوەی ئافرەتە دەستگیرکراوە بیانی و عەرەبەکان و منداڵەکانیان پێک هێناوە، کە لیژنەکە لەلایەن وەزیری دادەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و ئێستا لە ئەرکی دانانی پلانێکی گونجاوە.
ئاماژەشی داوە، سەدان ئافرەتی بیانی و منداڵەکانیان لە زیندانەکانی عێراق هەن، جەختیشی لەوە کردەوە، ناردنەوەی ئەو زیندانییانە قەرەباڵخی زیندانەکانی کەم دەکاتەوە. هەروەها وەزارەتی داد لە مانگی تەممووزدا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی دابوو، کە زیندانەکانی عێراق لە ئێستادا بە ڕێژەی 150% پڕبوون.
هەروەها ئاژانسەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمنی عێراقی ئاماژەی داوە، ئەم هەنگاوە ئەو ئافرەتانە ناگرێتەوە کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، بەڵام ئەوانە دەگرێتەوە کە پەیوەندییان بە داعش هەیە، لەگەڵ ئەوانەی بە تاوانی ئاسایی سزا دراون. باسی لەوەش کردووە، زۆرترین ژمارەی زیندانییەکان خەڵکی تورکیا، ئازەربایجان و ڕووسیان، هاوکات دوو ئافرەتی فەرەنسی لەنێویاندا هەن، یەکێکیان جەمیلە بوتەوتاوە، کە لە ساڵی 2018 بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ داعش بۆ ماوەی 20 ساڵ زیندانی کرا.
سەرچاوەیەکی دادوەریش بۆ ئاژانسەکەی ئاشکرای کردووە، کە نزیکەی 625 ئافرەتی بیانی و 60 منداڵیان لە زیندانەکانی عێراقدا هەن، کە زۆربەیان پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە، هاوکات هەزاران عێراقیش بەهۆی پەیوەندییان بەو گرووپەوە زیندانی کراون.
بۆ تاوتوێکردنی بابەتەکە، وەزارەتی داد لەگەڵ چەند دیپلۆماتکارێکی بیانی کۆبوونەتەوە، دیپلۆماتکارێکی ئەورووپی لەو بارەوە بە ئاژانسە فەرەنسییەکەی گوتووە، پرۆسەکە دەبێت ڕێککەوتنی دوو لایەنە بکرێت، دەشڵێت دڵنیا نیم لەوەی ئەو پرۆسەیە بەخێرایی جێبەجێ بکرێت.
دیپلۆماتکارێکی عەرەبیش باسی لەوە کردووە، دەسەڵاتدارانی عێراق پێشنیازیان کردووە یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو وڵاتانە بکات کە ڕێککەوتنیان لە نێوان نییە و دەیانەوێت ئەو زیندانیانە بنێرنەوە ئەو وڵاتە.