مۆسکۆ: یەکێتیی کوردناسان ڕاگەیاندرا

ڕێکخراوی یەکێتیی کوردناسان بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندیی زانستیی و فەرهەنگی نێوان ڕووسیا و کوردستان لە مۆسکۆ دامەزرا
ئەمڕۆ 25ی ئابی 2025، لە مۆسکۆی، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی ڕێکخراوە کوردییەکان و نوێنەری شەش دامەزراوەی زانستی و ئەکادیمی، کە کار لە بارەی پرسی کوردەوە دەکەن، ڕێکخراوی یەکێتیی کوردناسان دامەزرا.
سوارە شاکەلی، سکرتێری ڕێکخراوەکە بە کوردستان 24 گوت: ئامانج لەم ڕێکخراوە؛ بەهێزکردنی پەیوەندیی زانستیی و فەرهەنگی نێوان ڕووسیا و کوردستانە. گوتیشی، هەوڵدەدرێت ڕێکخراوەکە سەکۆیەک بێت بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییە جیاوازەکانی کوردستان و هەوڵدەدات بە دیدگەیەکی کوردیانەوە، توێژینەوە لە بارەی مێژوو و فەرهەنگ و ئایین و بارودۆخی سیاسی کوردەوە، کار بکەن و توێژینەوەکانیان بڵاو بکەنەوە و هاوکاری توێژەران و کوردناسان بکەن.
لە یەکەم کۆنفرانسی خۆیدا دەستەی بەڕێوەبەرایەتی دیاری کرا، کە سوارە شاکەلی وەک سکرتێری ڕێکخراو و ئیلیا ڤیدێنێڤ،شۆڕش ئابی، تاتیانە ئۆدینسۆڤا و پێنج توێژەری لاوی دیکەیش وەک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوەکە دیاری کران.
هەروەها لە ڕێورەسمەکەدا پەیامی پیرۆزبایی و پشتگیری سەرجەم پارت و لایەنە کوردییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، خوێندرایەوە.