سوپای پاسداران کوشتنی 13 چەکداری ڕاگەیاند

سوپای پاسداران کوژرانی 13 چەکداری ئەو گرووپانەی کە بە "تیرۆریست" وەسفی کردوون و دەستگیرکردنی چەند کەسێکی دیکەی لە سێ ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە شارەکانی ئێرانشار، خاش و سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران ڕاگەیاند.

بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، بە بەشداریی هێزەکانی هەواڵگری و ئاسایشی ناوخۆ کراون و لە ئەنجامدا کۆمەڵێک چەکدار کوژران و چەند چەکدارێکی دیکە دەستگیرکران.

لەوبارەوە، عەمید قاسم ڕەزایی، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئێران، دووپاتی کردەوە کە هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە چاودێرییکردن و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بەردەوامن،  جەختیشی کردەوە،  "هیچ ئۆپەراسیۆنێک بەبێ زانیاریی ورد ناکرێت."

سەرەتای ئەم مانگە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران لەکاتی هەوڵدان بۆ هێرشکردنە سەر بنکەیەکی پۆلیسی پارێزگای سیستان چوار کەس کوژران.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە کە "پۆلیسێکی خەڵکی سەراوان لەکاتی هەوڵی چوونە ژوورەوەی چەکداران بۆ ناو بنکەیەکی پۆلیس، لە سیستان و بەلوچستان، پۆلیسێک کوژراوە".

بەگوێرەی ئاژانسەکە، هێرشبەرەکان سەر بە گرووپی 'سوپای عەدل' بوون کە لە بەلوچستانی سنووری پاکستان چالاکن. هەروەها لەو ناوچەیەدا زۆرجار پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی ئێران و ئەو گرووپە چەکدارانە و هەندێک جاریش لەگەڵ بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان ڕوودەدات.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment