بەریتانیا.. لە ماوەی ساڵێکدا، زیاتر لە 111 هەزار کەس داوای پەنابەرییان کردووە
ئاژانسێک بڵاوی کردووەتەوە، سەرەڕای هەوڵ و بەڵێنەکانی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بەڵام ژمارەی کۆچبەر لەو وڵاتە تا دێت زیاتر دەبێت، بە شێوەیەک لە ماوەی ساڵێک زیاتر لە 111 هەزار کەس داوای پەنابەرییەتیان لە بەریتانیا کردووە.
چوارشەممە 27ـی ئابی 2025 ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی ساڵێکدا، لەو کاتەی کییەر ستارمەر بووەتە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، زیاتر لە 50 هەزار کۆچبەر بە بەلەمە بچووکەکانەوە لە باکووری فەرەنساوە هاتوونەتە ئەو وڵاتە. ئاماژەشی داوە، بەگوێرەی داتاکانی هەفتەی ڕابردوو، 111 هەزار و 84 کەس لە ماوەی ساڵێکدا تا مانگی حوزەیران داوای پەنابەرییەتیان لە بەریتانیا کردووە.
هاوکات پارتی لیبراڵی بەریتانیاش لەو بارەوە ئاماژەی دابوو، لە تەممووزی 2024 تاوەکوو ئێستا، زیاتر لە 35 هەزار داواکاری پەنابەریەتییان ڕەت کردووەتەوە.
چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەر لە بەریتانیا یەکێکە لە پرسە هەرە گرنگەکان هاوکات بەهۆی زۆری کۆچبەرەوە وڵاتەکەی نیگەران کردووە و چەندین ساڵە وڵاتەکە لەدەست ئەو قیرانەوە دەناڵێنێت، بۆ ئەم مەبەستە پارتی ڕیفۆرمی دژە کۆچبەری پێشنیازی کردووە، بەریتانیا لە پەیماننامەی ئەورووپیی مافەکانی مرۆڤ (ECHR) بێتە دەرەوە، هاوکات لە ئەگەری ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە ساڵی 2029 سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، دەیەوێت لە ماوەی پێنج ساڵدا 600 هەزار پەنابەر لە وڵاتەکەی دوور بخاتەوە.
پەیماننامەی ئەورووپیی مافەکانی مرۆڤ (European Convention on Human Rights ECHR) کە بەفەرمی بە پەیماننامەی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان ناسرا، کە پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتییە لە ساڵی 1950 بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە سیاسییەکان لە ئەورووپا دامەزراوە و لە 3ی ئەیلوولی 1953 چووە بواری جێبەجێکردن.
نیک تۆماس سایمۆندز، وەزیری نووسینگەی ئەنجومەنی وەزیرانی بەریتانیا و وەزیری پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: دەرچوون لە پەیماننامەی ئەورووپیی مافەکانی مرۆڤ (ECHR) هەوڵەکان بۆ ڕێگری کردن لە هاتنی کۆچبەران بە بەلەمە بچووکەکانەوە بۆ بەریتانیا قورستر دەکات.
هەروەها نیک تۆماس سایمۆندز، بیرۆکەی پارتی ڕیفۆرمی دژە کۆچبەر ڕەت دەکاتەوە دەڵێت، دەرچوون لە پەیمانامەکە، نابێتە "ڕێگەیەکی جادووی" بۆ ڕێگریکردن لە هاتنی کۆچبەر.
ئاماژەشی داوە، دەرچوون لە ECHR وەکوو بیلاڕووس و ڕووسیا لە چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە هاوکار نابێت، هاوکات نابێتە پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ ئێمە بۆ ئەوەی کێشەیە چارە بکەین؛جەختیشی کردووەتەوە هاوپەیمانەکە بۆ داخستنی تۆڕەکانی قاچاخچیتی زۆر گرنگە، چونکە بە درێژایی هەزاران میل و چەندین سنوور قاچاخچییەتی دەکرێت.
پارتی ڕیفۆرم دژە کۆچبەر ڕوونیشی کردووەتەوە، پرۆژەیاسایەکی مافەکانی بەریتانیا بۆ جێگرەوەی پەیماننامەی ئەورووپیی مافەکانی مرۆڤ دروست دەکەن، کە پرۆژەیاساکە تەنیا بۆ هاووڵاتییانی بەریتانیا و ئەوانەی مافی یاسایی ژیانیان لە بەریتانیادا هەیە دەگرێتەوە.