ئێران هەڕەشەی ڕاگرتنی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەکات

ئێران هۆشداری دەدات لەوەی کە چالاککردنی "میکانیزمی سناپباک" لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە، کە لە ڕێککەوتننامەی ساڵی 2015دا هاتووە، کاریگەری نەرێنی لەسەر هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (IAEA) دەبێت.

کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا بە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانی ڕاگەیاند: "ئەگەر ئەم هەنگاوە بنرێت، ئەوا ئەو پرۆسەی کارلێککارییەی کە تازە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەستمان پێکردووە، بە تەواوی کاریگەری لەسەر دەبێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەوەستێت."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە ئێران و ترۆیکای ئەوروپی (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا) لە جنێڤ دانوستانیان ئەنجامداوە، بە ئامانجی ئەوەی تاران ئەورووپییەکان قایل بکات "میکانیزمی سناپباک" چالاک نەکەن و سزاکانی نێودەوڵەتی بسەپێننەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا، پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی چوارشەممە لە بوشێهر، وێستگەی سەرەکیی وزەی ئەتۆمی ئێران، دەستیان بە کارەکانیان کرد. ئەمەش بە وتەی ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی IAEA.

گرۆسی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتن ڕایگەیاند، "ئێستا لەوێدان. ئەمڕۆ پشکنینی بوشێهر دەکەن." ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو، پشکنەرانی IAEA سەرپەرشتی گۆڕینی سووتەمەنی لە وێستگەی ئەتۆمی بوشێهر لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران دەکەن، کە دوای بۆردومانکردن لە کاتی شەڕی ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا دەستیپێکردبوو.

حکوومەتی ئێران ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئایا پشکنەرەکان ڕێگەیان پێدەدرێت بچنە ناو شوێنەکانی دیکە، لەوانە فۆردۆ و نەتەنز، کە لە کاتی شەڕدا بۆمباران کرابوون. گرۆسی پشتڕاستی گفتوگۆکانی سەبارەت بە پشکنینی شوێنەکانی دیکە کردەوە، بەڵام جەختی کردەوە، هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە.

گوتی: "ئێمە بەردەوامین لە دانوستانەکان بۆ ئەوەی بتوانین بچینە هەموو شوێنەکان، بە دامەزراوە زیانلێکەوتووەکانیشەوە." هەروەها ڕایگەیاند، ئێران ناتوانێت ئەرکی پشکنەرەکان سنووردار بکات بە "ئەو دامەزراوانەی کە هێرشیان نەکرایە سەر." گوتیشی: "هیچ پشکنینێکی هەڵبژێردراو نییە."

گرۆسی لەمیانی سەردانەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا کۆبووەوە، کە هاوکات بوو لەگەڵ ئەو دانوستانانەی ئێران لەگەڵ زلهێزەکانی ئەورووپا بۆ دوورکەوتنەوە لە سەپاندنی سزاکان ئەنجامی دەدا.

ئێران هۆشداری دا لە دەرئەنجامە ترسناکەکانی ئەم هەنگاوە، هەرچەندە گرۆسی ڕایگەیاند، ئێران بە ڕاشکاوی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئاگادار نەکردووەتەوە پشکنەرەکان دەردەکات. ئەمە یەکەم تیمی IAEAیە دەگەڕێتەوە بۆ ئێران، دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی تەممووزەوە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسەکەدا هەڵپەساردبوو، دوای ئەو شەڕەی ئیسرائیل دەستیپێکردبوو.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment