ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەرکی هێزەکانی یونیفێل لە لوبنان درێژ دەکاتەوە

ئەنجوومەنی ئاسایش بەکۆی دەنگ جگە لە ئەمەریکا داوای کۆتایی هێنان بەبرسیەتی غەززە دەکەن

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئابی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ دوا جار دەنگ لەسەر ڕەشنووسی بڕیارنامەی درێژکردنەوەی ئەرکی هێزی ئاشتیپارێزی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری لوبنان بدات، کە تا کۆتایی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبن،بەڵام ئەمەریکا دژی بڕیارەکەیە و هێشتا ڕوون نییە چی بەسەردێ.

سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی پەنەما ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، دەنگدانەکە ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوە دەچێت دوای ئەوەی چەندین جار دواخرا. بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، ڕەشنووسی بڕیارنامەکە چەندین هەمواری تێدا کراوە بۆ ئەوەی مەترسی ڤیتۆی ئەمەریکا لەسەر نەبێت.

لە ڕەشنووسە پێشنیازکراوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنی ئاسایش وادەی کۆتایی هاتنی ئەرکی یونیفێل دیاریی کردووە کە لە کانوونی یەکەمی 2026 کۆتایی دێت.

لە ڕەشنووسی بڕیارنامەکەدا هاتووە ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیار دەدات "ماوەی ئەرکی یونیفێل تاوەکوو 31ـی کانوونی یەکەمی 2026 درێژ بکاتەوە و دوای ئەو وادەیە پرۆسەی کشانەوە دەست پێ دەکات و لە ماوەی ساڵێکدا تەواو دەبێت".

١٥ وڵاتی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش دەستیان کرد بە گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی ئەم هێزە، کە لە مانگی ئاداری 1978ەوە لە باشووری لوبنان لەسەر سنووری ئیسرائیل جێگیرکراوە و زیاتر لە 10 هەزار سەربازە کە لە نزیکەی 50 وڵاتەوە پێکهاتووە.

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێت کە دەسەڵاتدارانی لوبنان بەر لە کۆتایی ئەمساڵ بەڵێنی داماڵینی چەکیان لە حزبوڵڵای لوبنانی دا، ئەمەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو ئاگربەستەی کە کۆتایی بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا هێنا.

ڕاگەیەندراوی هاوبەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەربارەی برسیەتی غەززە 

دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ڕۆژی چوارشەممە، وڵاتی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دۆخی برسیەتی غەززەیان بە "قەیرانی دروستکراوی مرۆڤ" ناساند، ئەمە لەکاتێکدایە ئەمەریکا تاکە وڵات بوو لە ئەنجوومەنەکەدا ڕەتیکردەوە دان بەوەدا بنێت، هەروەها ئەو وڵاتانە بە توندی ئیدانەی "بەکارهێنانی برسیەتیان وەک چەکی شەڕ" کرد.

ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڕاگەیەندراوەکەیان، داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و بێ مەرج و هەمیشەیی لە غەززە و ئازادکردنی سەرجەم زیندانی و بارمتەکان و خێراکردنی هاوکارییە مرۆییەکانیان کرد.

هاوکات ئەمەریکا بەتەنیا خۆی لە واژۆکردنی ئەو ڕاگەیەندراوەدا بەدوور گرت، کە تێیدا داوای لە ئیسرائیل کرد، دەستبەجێ و بەبێ مەرج هەموو سانسۆرەکانی گەیاندنی هاوکارییەکان هەڵبگرێت و هەروەها لە بڕیارەکەی بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە غەززە، بە ئامانجی داگیرکردنی شارەکە پاشگەز بێتەوە. 

ئەمەریکا پاڵپشتی لە کارەکانی ئیسرائیل کرد، نوێنەر و باڵیۆزی ئەمەریکا دۆرۆتی شیا، لە میانی دانیشتنەکەدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئەوەی برسیەتی لە غەززە ڕەتدەکاتەوە و بەدرۆی سیاسیی دەزانێت، هەروەها ڕاپۆرتی پۆلێنکردنی قۆناغی تەواوی ئاسایشی خۆراک، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتگیری دەکرێت، ئیدانە دەکات و ڕایگەیاندووە، لە تاقیکردنەوەکەدا شکستی هێناوە.

پۆلێنبەندی قۆناغی ئاسایشی خۆراک،  لە ڕاپۆرتەکەیدا کە هەینی ڕابردوو بڵاویکردەوە و بە فەرمی برسیەتی لە پارێزگای غەززە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس تووشی برسیەتی بووە و ئەگەری هەیە لە چەند هەفتەی داهاتوودا برسیەتی دێر بلح و خان ​​یونسیش بگرێتەوە.

حەماس هەڵوێستی ئەنجوومەنی ئاسایش بە هەنگاوێکی باش دەزانێت

بزووتنەوەی حەماس لەبارەی بڵاوکراوەکەی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ڕاگەیەنەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، پێشوازی لەو بەیاننامەیە دەکەین کە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جگە لە ئەمەریکا دەریکردووە و داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و بێ مەرج لە غەززە دەکەن و دووپاتی دەکەنەوە کە بەکارهێنانی برسیەتی وەک چەک بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان قەدەغەیە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، "ڕاگەیەندراوەکەی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەبێ بەشداری ئەمەریکا دەرچووە، تیشک دەخاتە سەر ئەو دۆخە مرۆییە کارەساتبارانەی کە ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دروستیکردووە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی منداڵان و خەڵکی بێتاوانی مەدەنی هەیە."

حەماس، هەڵوێستی نێودەوڵەتیی بە هەنگاوێکی پێشکەوتوو وەسفکردووە، کە ئیدانەی تاوانی جینۆساید و برسیەتی دەکات، کە ئیسرائیل لە دژی زیاتر لە دوو میلیۆن فەڵەستینی بەکاری دەهێنێت، جەختیشی کردەوە، هەڵوێستی ئەمەریکا کە ڕێگری لە دەرکردنی بڕیارنامەی پابەندکەر دەکات، دەیکاتە هاوبەشێکی تەواو لەو تاوانە و بەرپرسیار لەو برسیەتی و کۆمەڵکوژییانەی کە گەلەکەمان ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

لە7ـی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، دواتر ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر غەززە و تاوەکوو ئێستا 62 هەزار و 895 فەڵەستینی کوژرا و 158 هەزار و 927 کەسیش بریندار بوون، کە زۆربەیان منداڵ و ئافرەت بوون.

هەروەها زیاتر لە نۆ هەزار کەسیش بێسەروشوێن بوون و سەدان هەزار کەسیش ئاوارە بوون، خەڵکێکی زۆریش تووشی برسیەتی بوون کە بەهۆیەوە تاوەکوو دوێنێ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، 313 فەڵەستینی لە نێویاندا 119 منداڵی تێدایە گیانیان لەدەستداوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment