لە مێژووی بەریتانیا هاوینی ئەمساڵ گەرمترین بووە

نووسینگەی کەشناسی بەریتانیا (Met Office) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، بە فەرم هاوینی ساڵی 2025 بە گەرمترین هاوینی لە مێژووی بەریتانیا دادەنرێت.
دووشەممە 1ـی ئەیلوولی 2025، دکتۆر ئیمیلی کارلایل، زانا لە نووسینگەی کەشناسی بەریتانیا (Met Office) ڕایگەیاند، ئامارە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە هاوینی 2025 بە فەرمی گەرمترین هاوینی تۆمارکراوە بە تێکڕای پلەی گەرمی 16.10 پلەی سیلیزی، کە ژمارەی پێوانەیی پێشووی ساڵی 2018ی تێپەڕاندووە."
زاناکە هۆکارەکانی ئەم گەرمییە بەردەوامەی بۆ چەند فاکتەرێک گەڕاندووەتەوە، لە وانە گەرمبوونی نائاسایی دەریاکانی دەوروبەری بەریتانیا و وشکبوونی خاک لە وەرزی بەهار. ئەم هەلومەرجانە وای کردووە گەرما بەخێرایی بەرز بێتەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت.
نووسینگەکە ڕوونیشی کردووەتەوە، تێکڕای پلەی گەرمی لە بەریتانیا لە نێوان 1ی حوزەیران تا 31ی ئابی 2025 گەیشتووەتە 16.10 پلەی سیلیزی، کە 1.51 پلە لە سەرووی پلەی گەرمی ئاسایییە. ئەمەش ژمارەی پێوانەیی پێشووی شکاندووە کە لە ساڵی 2018دا 15.76 پلە بوو.
شیکارە زانستییەکانی نووسینگەکە ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی چالاکیی مرۆڤەکان، پێشبینی دەکرێت لە ساڵانی داهاتوو هاوینی گەرمتر بەریتانیا و جیهان بگرێتەوە.
پێنج گەرمترین هاوینەکانی لە مێژووی بەریتانیا:
2025: 16.10 پلەی سیلیزی
2018: 15.76 پلەی سیلیزی
2006: 15.75 پلەی سیلیزی
2003: 15.74 پلەی سیلیزی
2022: 15.71 پلەی سیلیزی
